لە رێگای کەلار بۆ گردەگۆزینە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەویی دادەنرێت - وێنە؛ ئەرشیف
شوێنەکانیان دیاریکراوە
26 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە جووتسایدی کەلار – دەربەندیخان دادەنرێن
شۆڕش قادری
بڕیارە 26 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە جووتسایدی کەلار – دەربەندیخان دابنرێن، شۆفێران هەر لە ئێستاوە ئاگادار بن و خۆتان لەگەڵ وەزعەکە رابهێنن.
سامان عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی وت، “لە هەر سایدێکی جووتسایدی کەلار – دەربەندیخان 13 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت، کۆمپانیای جێبەجێکار شوێنی دانانی کامێراکانی دیاریکردووە و پلانەکەی ناردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، چاوەڕێی وەڵام و جێبەجێکردنی بڕیارەکەن”.
سەبارەت بە کامێراکانی رێگای نێوان کەلار – کفری، سامان عەلی وتی، لە هەر سایدێکی 8 کامێرا دانراون و لە ئێستادا بەشێوەی ئەزمونی خراونەتە کار، لە داهاتوویەکی نزیکدا بەکرداری دەخرێنە کار و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن.
بۆ ئەوەش چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆن و هەرکات ویستیان سەرپێچییەکان تۆمار بکەن، پێشوەختە شۆفێران و هاوڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە.