ئەگەرنا دەبێت بچنە هەولێر
پەروەردەی سلێمانی بۆ مامۆستایان: فۆڕمی هەژماری من پڕبکەنەوە
964+
ژووری هەواڵ
بە فەرمی داوا لە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی کراوە کە دەبێت فۆڕمی “هەژماری من” پڕپکەنەوە، پێنج بانکیش دەستنیشانکراون بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20.3.2024، سەرچاوەیەک لە پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی فۆڕمی هەژماری من لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ژمارەیەک خوێندنگەیان بانگکردووە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژمارەکە بە مامۆستاكانیان وتووە هەر شوێنێك بایكۆتی بكات و فۆڕمەكە پڕ نەكاتەوە ئەوا دەبێت دوایی بچێت لە هەولێر پڕیبكاتەوە.
ئەو بانکانەی کە بۆ دەرکردنی هەژماری من دیاریکراون پێکهاتوون لە ئاڕتی بانک، بانکی جیهان، بانکی نیشتیمانی عێراقی، بانکی ئیسلامی عێراقی و بانکی BBAC.
بەپێی ئەو نوسراوەی ئاراستەی خوێندنگەکان کراوە، دەبێت مامۆستایان دوو بانک دیاریبکەن.
رۆژی 2.2.2023 دەستپێشخەریی (هەژماری من) لهلایهن حكومهتى ههرێمی كوردستانهوه راگهیاندرا، کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان.
بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی هەرێم، تا ئێستا زیاتر لە 240 هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم دروستکراون و زیاتر لە 120 هەزار کارتی بانکی دابەش کراون بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی بەشداری هەژمارەکەیان کردووە.