هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەمریکایە لە بەغدا
فەیگن گەڕایەوە بۆ عێراق؛ کونسوڵى ئەمریکابوو لە هەولێر
وریا فەتاح
ستیف فەیگن کە لە نێوان ساڵانى 2018 بۆ 2020، کونسوڵى ئەمریکابوو لە هەولێر، جارێکى تر گەڕایەوە بۆ عێراق و ئەمجارە هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەمریکایە لە بەغدا.
کونسوڵخانەى گشتیى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە هەولێر، رایگەیاند:زۆر خۆشحاڵین بە پێشوازیکردن لە گەڕانەوەی باڵیۆز ستیڤ فەیگن بۆ عێراق وەک هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
” زۆربەمان لە هەولێر یادگاریی جوانی باڵیۆز فەیگنمان وەک کونسوڵی گشتیمان لە ساڵانی 2018 بۆ 2020 لەبیرە، کە کاری بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرد. ئەو ئەزموونە، زۆر یارمەتیدەری باڵیۆز فەیگن دەبێت لە کاتی کارکردنی بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق و لە نێویشیدا هەرێمی کوردستان”، کونسوڵخانەى ئەمریکا لە هەولێر وا دەڵێت.
ستیف فەیگن لەماوەى کارکردنى لە کوردستان، زۆر جار بە جلى کوردییەوە لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان دەردەکەوتن ئەمەش وایکردبوو وەک کەسایەتییەکى ناسراو لە کوردستان، دەربکەوێت.