پزیشکە میهرەبانەکە تەندروستی ناجێگیرە
دکتۆر مایکڵ وەسێتەکەی لێرەیە و خۆشی دەڕواتەوە بۆ ئەمریکا
رازاو محەمەد و ئەمەل ناجی
جەنگاوەرە میهرەبانەکەی کەوا نزیک بە 84 ساڵ تەمەن ژیان دەکات، بڕیاریداوە سلێمانی جێبهێڵێت و پاش 20 ساڵ لە چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە بگەڕێتەوە ئەمریکا.
ئەگەرچی دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و وەسیەتی کردووە، هاتوو لە کوردستان کۆچی دوایی کرد لە گوندی ئەحمەد ئاوای هەورامان بەخاکی بسپێرن، بەڵام کۆڵ و بارگەی پێچاوەتەوە و بەنیازی دیدارێک لەگەڵ کەسوکاری دەچێتەوە بۆ ئەمریکا.
دکتۆر مایکڵ هیوسن “ناوی تەواوی، دکتۆر مایکڵ دۆناڵد هیوسن”ە، پزیشک و پرۆفیسۆری بەناوبانگی ئەمریکییە لە بواری شانەزانی (پاسۆلۆجی) پسپۆڕی هەیە و چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە دەکات. ئەو لە دەوروبەری ساڵی 1942 لەدایکبووە و ئێستا تەمەنی نزیکەی 84 ساڵە.
دکتۆر مایکڵ هیوسن، لە دوای نزیکەی 20 ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەو رۆژانە لە نەخۆشخانەکانی هیوا و شۆڕش بە رۆحی خۆبەخشی و دڵسۆزی خزمەتی هەزاران نەخۆشی کرد و شوێنەواری باشی لە دڵی هاوڵاتییان و هاوکارانی جێهێشتووە.
پەیامنێری 964 لە سلێمانی زانیوویەتی، دکتۆر مایکڵ، بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی تەندروستییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە ئەمریکا بۆناو كەسوكاری و ماڵئاوایی لە سلێمانی دەکات، بەڵام بەڵێنی داوە كە دووبارە بگەرێتەوە بۆ خزمەتی نەخۆشانی شێرپەنجە.
دکتۆر مایکڵ کە خەڵکی ئەمەریکایە بەهۆی تێکەڵ بوونی لەگەڵ خێزانێکی گوندی ئەحمەدئاوا لە پارێزگای هەڵەبجە و زوو زوو سەردانیکردنی ناوچەکە، وەسیەتی کردووە کە ئەگەر کۆچی دوای کرد لە کوردستان لە ئەحمەدئاوا بەخاکی بسپێرن.
چیرۆکی ئەم وەسیەتە بەهۆی خێزانەکەوە درووست بووە کە کچێکیان توشبووی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، وە لە ماوەیەدا کە لە کوردستان بووە، بەردەوام هاتوچۆی ئەو ماڵەی کردووە، بەهۆی پزیشکێکی هاوڕێیەوە، دواتر ئەو هەموو رێز و گرنگپێدانەی بە میوان بینیوە لەو خێزانەوە هۆگریان بووە.
بۆیەە وتوویەتی کاتێک پیربووم و توانای کارکردنم نەما پێم خۆشە بێم و لێرە ژیان بەسەربەرم، بە وتەی پزیشکەکانی هاوڕێشی وەسیەتی کردووە کە کۆچی دوای کرد، بیبەن لە ئەحمەدئاوا بەخاکی بسپێرن.
پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا