"بۆ زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕە"

قایمقامیەتی سلێمانی لیژنە لەناو بازاڕ جێگیر دەکات

پێشەوا محەمەد

قایمقایەتی سلێمانی بڕیاری دا لیژنە لەناوبازاڕی سلێمانی جێگیر بکات، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان دەڵێت، بۆ زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە قایمقامیەتی سلێمانی کۆبوونەوە کراوە و ئەو بڕیارە دراوە.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ 964ـی روونکردەوە، ئامانج لە جێگیرکردنی لیژنە بە بەردەوامی لەناو بازاڕ بۆ ئەوەیە زیاتر کۆنتڕۆڵی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان بکرێت.

وتیشی، “لیژنەکان ئەگەر بەردەست بن زووتر و باشتر چاویان دەچێتە سەر هەر سەرپێچییەک ئەگەر رووبدات، هەروەها لە لایەن هاوڵاتیانیشەوە لە هەر خۆراکێکی بەسەرچوو و خراپ لە هەر شوێنێک بیبینن ئاگادار دەکرێنەوە”.

قایمقامیەتەکە خاوەنی 46 لیژنەیە و چاودێریی بازاڕی پێدەکات.

گۆران قادر وتیشی، “ئەمساڵ لە مانگەکانی یەک و دوو سەرپێچییەکان نەگەیشتوونەتە 10%، پەیامی ئێمەش رێکخستنەوە و جێبەجێکردنی رێنماییەکانە نەک سزادان و غەرامەکردنی خاوەن کار و بازاڕەکان”.