یەکەم رۆژی رەمەزان بریندار بوو

دوای نۆ رۆژ بریندارێکی تەقینەوەی مین لە پێنجوێن گیانی لەدەستدا

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

دوای نۆ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەو گەنجەی بەهۆی تەقینەوەی مینەوە برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

لە یەکەم رۆژی رەمەزاندا لە شاخی ئاسن کوڵێنی قەزای پێنجوێن، مین بە دوو گەنجدا تەقییەوە و یەکێکیان دەستبەجێ گیان لەدەستدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19.3.2024 سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو گەنجە هێندراوەتە نەخۆشخانە و کاری پێویستی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

پێشتر د.خالید عەبدوڵا، پزیشکی دادی قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاندبوو، ئەو گەنجە هەردوو قاچی پەڕیوە و دەستیشی شکاوە و دوای ئەنجامدانی رێکارە تەندروستییەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی سلێمانی کراوە.

کاوان عومەر، ئامۆزای ئەو گەنجەیە کە گیانی لەدەستداوە و بە 964ی راگەیاند، تەمەنی 25 ساڵ بووە و بەمەبەستی کۆکردنەوەی ئاسن چووەتە ئەو جێگایە، تاوەکوو بژێوی ژیانی دابین بکات ئەو کەسەشی لەگەڵیدا بووە هاوڕێی بووە.

لە رۆژی 11.3.2024 دوو گەنج کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئاسن سەردانی شاخی ئاسن کوڵێنیان کردبوو لە قەزای پێنجوێن مینێکی جۆری ڤاڵمارا کە مینێکی دژە کەسی ئیتاڵییە پیایاندا دەتەقێتەوە یەکێک لە گەنجەکان دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

لە دەوروبەری پێنجوێن کێڵگەی مینی زۆر هەن، زۆربەی ئەو ناوچەیە کاتی شەڕی عێراق ئێران مینڕێژکراون، بەپێی حیساباتی دەزگای مین ئەو رووبەرەی لە پێنجوێن مینڕێژکراوە 58 ملیۆن و 366 هەزار و 665 مەتر دووجا دەبێت، بەڵام تەنیا 18 ملیۆن و 103 هەزار و 120 مەتر دووجا بە تەواوی پاککراوەتەوە.

بۆ کۆکردنەوەی ئاسن رۆیشتبوون بەڵام مین پێیاندا تەقیەو...

بۆ کۆکردنەوەی ئاسن رۆیشتبوون بەڵام مین پێیاندا تەقیەوە