نەورەسە نەخۆشەکان جیا کرانەوە

پارێزەرانی ئاو: پێشتر رۆن رژاوە و دەبێت پشکنین بۆ نەورەسەکان بکرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەو باڵندە نەورەسە نەخۆشانەی لە دوورگەی نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان نەخۆش کەوتوون، لە باڵندە ساخ و سەلیمەکان جیاکرانەوە تا بەهۆی ئەوانە تووشی هیچ دەردرێک نەبن.

دەوترێت نەورەسەکانى دەریاچەى دوکان بە هۆى ئەنفلۆنزایەکى تایبەت تووشى مردنى بەکۆمەڵ بوون، پۆلیسى دارستانى راپەڕینیش، دەڵێت لەگەڵ تیمێکی ڤێتێرنەری چوونەتە سەر دەریاچەکە، “ئەوە ڤایرۆسە بڵاوبووەتەوە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10.5.2024، عەمید جەبار ئادەم، لێپرسراوی پۆلسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە 964ی وت، “لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری راپەرین، هەماهەنگی کراوە، دوای ئەوەی لە نێوان هەردوولا سەردانێکی مەیدانیمان ئەنجامدا بۆ ئەو سنورە توانیومانە چارەسەرێکی سەرەتاییان بۆ بدۆزنەوە و باڵندە نەخۆشەکان لە باڵندە ساخەکان جیا بکەینەوە”.

بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەکرد، “پشکنین بۆ کۆمەڵێک لە باڵندەکان کراوە، دەرکەوتووە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لەناو باڵندەکان بڵاو بووەتەوە”.

لە لایەکی دیکەوە، بنوار رزگار ئەندامی تیمی رێکخەرانی پارێزەرانی ئاو لە عێراق ئەوەی بە 964 وت، “بەداخەوە زۆر جار رژانی نەوت دەبێتە هۆکاری مردنی لەناکاوی کۆمەڵێک زیندەوەر کە زۆر جار تا شیکاری نەکرێت دەرناکەوێت، دەبێت نەورەسەکان پشکنینییان بۆ بکرێت و هۆکارەکەی بدۆزرێتەوە”.

ئێوارەى 28.3.2024، دوو تانکەرى سوتەمەنى کە نەوتى رەشیان هەڵگرتبوو، لە گەڕەکى فەرمانبەرانى قەزاى دوکان بەیەکیاندادا و بەهۆیەوە پاشماوەى سوتەمەنى ئەو دوو تانکەرە لەرێگەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە تێکەڵ بە ئاوى دوکان بوو، ئەمەش بووە هۆى راگیرانی پڕۆژەى ئاوى دوکان سلێمانى بۆ ماوەى دوو رۆژ.

بەپێى ڤیدیۆیەکى تایبەت کە ئاراس رەسوڵ بۆ 964ـى ناردووە، دەردەکەوێت ژمارەیەکى زۆر لە نەورەسەکانى دەریاچەکە مردار بوونەتەوە، بەڵام تائێستا ژمارەیان نەزانراوە.

لەسەر ئەو بابەتە 964 قسەى لەگەڵ حەمەشوان بەرزنجى، بەڕێوەبەرى ژینگەى راپەڕین کرد، ئەو باسى لەوەکرد پاراستنى نەورەسەکان لە ئەستۆى بەرگرى شارستانییە و بنکەى پاسەوانیان هەیە، بەڵام لە ساڵانى رابردووش ئەو حاڵەتە هەبووە.

ئێستا وەرزى دانانى هێڵکەیە لەلایەن نەورەسەکانەوە، بۆیە مرداربوونەوەیان کاریگەرى لەسەر بەرهەمەکانیان دەکات.

لە هۆکارى مرداربوونەوەى نەورەسەکانى دەریاچەى دوکان دە...

لە هۆکارى مرداربوونەوەى نەورەسەکانى دەریاچەى دوکان دەکۆڵرێتەوە