سبەینێ بوتڵەکە دەردەهێننەوە

مەترسى غازى کلۆرەکەى قەڵادزێ کۆتایى هات

964+

وریا فەتاح

دواى 10 رۆژ، لێچوونى غازى کلۆرەکەى پڕۆژەى ئاوى خاس لە قەڵادزێ کۆتایى هات و مەترسى نەماوە.

مارف مەحمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ بە 964ـی وت،”بەردەوام تێستى ئەو بوتڵى غازى کلۆرە دەکەین کە توشى لێچوون بووە، ئەوەى بۆمان دەرکەوتووە لێچوونەکە تەواو بووە و هیچ مەترسییەکى نەماوە”.

هەر ئەوکات بوتڵەکە خرایە ژێر ئاوەوە و لە رێگەى پشکنینى ئاوەکەوە ئاستى ئەو کلۆرە دەزانرا کە لێوەى دەردەچوو، بەڵام وەک ئەوەى مارف مەحمود باسى دەکات، دوا پشکنینیان کردووە و ئاوەکە پاک بووە و وا دەردەکەوێت کە غازى کلۆرەکە بەتاڵ بووبێت و سبەینێ بوتڵەکە دەردەهێننەوە.

جەختیش دەکاتەوە، پڕۆژەکە کاردەکات و بەردەوامن لە پێدانى ئاو بە هاوڵاتیان.

رۆژى 1ـى ئەم مانگە، یەکێک لە بوتڵەکانى کلۆرى پڕۆژەى ئاوى خاس توشى لێچوون، بەهۆیەوە رۆژى 3ـى مانگ کارمەندێکى پۆلیسى راپەڕین کە لە پڕۆژەکە پاسەوان بوو، گیانى لەدەستدا.

بوتڵەکە 850 کیلۆ غازى تێدا بوو، دواى 10 رۆژ سەرجەمى غازەکە بەتاڵ بوو.

کلۆر ماددەیەکی کاریگەرە بۆ کوشتنی ئەو زیندەوەرە بچووکانەی کە لەناو ئاون و بە چاو نابینرێن، رێژەیەکی زۆر کەمیشی لەناو ئاو دەکرێت، کە لە پرۆژەی ئاوی خاس بۆ هەر ملیۆنێک مەتر سێجای ئاو تەنیا 300 گرام کلۆر بەکاردێت، کە رێژەکەی دەگاتە 0.03 و ئەو رێژە کەمەش مەترسی دروست ناکات.

گازی کلۆر لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا هەزاران کەسی کوشت و لە ساڵی 1925-ەوە بەکارهێنانی وەک چەک قەدەغە کراوە، گازەکە ئەگەر بە رێژەیەکی زۆر هەڵبمژرێت، دەکرێت لە چەند خولەکێکدا کەسەکە بکوژێت.

پۆلیسێک بە هۆی تەقینی بوتڵی کلۆرەوە گیانی لەدەستدا

پۆلیسێک بە هۆی تەقینی بوتڵی کلۆرەوە گیانی لەدەستدا

بوتڵە کلۆرەکەی قەڵادزێ گوندێکیشی چۆڵکرد

بوتڵە کلۆرەکەی قەڵادزێ گوندێکیشی چۆڵکرد