مامۆستایانی سکاڵاکار لە بەغدا
وتیان پلە بەرزکردنەوە دەستیپێدەکاتەوە بەڵام دادگای فیدڕاڵی رەتیکردەوە
964+
فەهمی نەبی
ئەگەرچی ئەو مامۆستایانەی لە دادگای فیدڕاڵی دژی وەستانی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران سکاڵایانەیان تۆمارکردبوو، ئەمڕۆ رایانگەیاند دادگا لە بەرژەوەندی فەرمانبەران بڕیاریداوە، بەڵام دادگای فیدڕاڵی لە لیستی بڕیارەکانی دادگا نوسیویەتی “بابەتەکە لە دەرەوەی تایبەتمەندی دادگایە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە نەجمەدین محەمەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی کە ئێستا لە بەغدادە، بە 964ـی راگەیاند، “بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە و لەدوای بەئەلکترۆنیکردنى موچە، شێوازی پلەبەرزکردنی فەرمانبەرانی هەرێم و عێراق هاوتا دەکرێن”، بەڵام نیو کاتژمێر دوای ئەم لێدوانە دادگای فیدڕاڵی لە کۆنوسی تەواوی دانیشتنەکانی ئەمڕۆی لە ماڵپەڕی دادگای فیدڕاڵی رایگەیاند، “ئەم بابەتە لەدەرەوەی تایبەتمەندی دادگایە”.
لە سکاڵاکەدا داواکرابوو سەرۆکى حکومەت و وەزیرى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پابەندبکرێت بە جێبەجێکردنی یاسای موچەی فەرمانبەرانی فیدڕاڵی و کەرتی گشتی ژمارە 22ـی ساڵی 2008، بەتایبەتی ماددەکانی (6، 7، 8، و 9) و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە.