"بێ پشکنین نایەتە عەلوە"
شوتییەکەی ئەمساڵ چاکە و ئەوەی تەقی گەرمای بووە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
شوتی ناوخۆ گەیشت بە عەلوەی سلێمانی و سەرۆکی سەندیکای عەلوە و بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی چوونەتە لای شوتی فرۆشەکانی ناو عەلوە و دەیانەوێ، ئەو تۆمارە ڤیدیۆیەی لە فەیسبووک بۆ تەقینی شوتییەکە بڵاوکرابوویەوە ساغ بکەنەوە.
چونکە خەڵک گومانی بۆ دروست بووە، وا ساڵانێکیشە شووتی دەرماناوی هەیە لە بازاڕدا و خەڵک زۆرجار بۆیان جیا ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14.6.2026، سەروەر عەلی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ی وت، ئێستا شووتی ناوخۆ پێگەیشتووە، لە دەڤەری راپەڕین و هەولێریشەوە شوتی دەهێنرێتە عەلوە، شوتی ئەمساڵ لە هەموو ساڵەکانی تر کوالێتی باشترە و بێ دەرمانە.
سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی لەبارەی تۆمارە ڤیدیۆکە دەڵێ، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، دیمەنی شوتییەکە کە ماوەیەکی زۆر ماوەتەوە و گەرمای زۆر لێی داوە، بەوەش بووە بەهۆکاری ئەوەی غازات پەیدا بکات و لەگەڵ قاژکردنی تەقیوە.
لەبارەی پشکنین بۆ شوتییەکان، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە سێ چۆر پشکنین بۆ هەر بارە شوتییەکە دەکرێ، تا رێگەی پێ بدرێ داخڵی عەلوە بکرێ و دواتر ساغبکرێتەوە، وەک روونی کردەوە ئەو رێکارە لە عەلوەی سلێمانی جێبەجێ دەکرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا