شارەوانی: لەشوێنە سووتاوەکان نەمام دەچێنین
پۆلیسی دارستان سەرەداوی کەوتنەوەی ئاگرەکەی شاخی سەیدسادقی دەستکەوتووە
بڕوا مەجید_ سەیدسادق
دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ ئاگر لە شاخی سەیدسادق کەوتەوە، پۆلیسی دارستان و شارەوانی قەزاکە زانیاری زیاتر لەسەر قەبارەی زیانەکان و ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە دەخەنە ڕوو و سەرەداوی ئاگرکەوتنەوەکەش دەست پۆلیسی دارستان کەوتووە.
عەقید ئیسماعیل ئیبراهیم گەڵاڵی، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی سەیدسادق بە 964 وت، ئێوارەی دوێنێ بە هۆکارێکی نادیار ئاگرەکە کەوتبووەوە، بەڵام ئێستا بۆیان دەرکەوتووە کە سەرەتای ئاگرەکە لە نزیک چەند ماڵێکەوە سەریهەرڵداوە.
وتیشی “بەهۆی ئاگرەکەوە دوو دۆنم پوش و پاوانی شاخەکە و نزیکەی 20 نەمامیش سوتاون”.
لایخۆشییەوە کۆچەر حەسەن، سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق، بە 964 ی وت، لەو شوێنانەی شاخەکە کە سووتاوە دەست بە چاندنی نەمام دەکەن
بەپێی ئامارێکی شارەوانی، لە پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار نەمام لە شاخەکە چێندراون.
سەرۆکی شارەوانی باسی لەوەشکرد، کە بیرێکی گەورەیان بۆ ئاودانی دارەکان هەڵکەندووە و تەنکییەکی گەورەشیان لەسەر شاخەکە داناوە، کە لە یەککاتدا هەم بۆ ئاودانی نەمامەکان و هەم بۆ حاڵەتی فریاگوزاری و کوژاندنەوەی ئاگر بەکاری دەهێنین.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن