لە ئیجەدا
بەلەمێکى کۆچبەران ژێر ئاو کەوت و 20 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا
964+
وریا فەتاح
لە کاتى پەڕینەوە بەرەو یۆنان، بەلەمێکى چوپى کۆچبەران لە سنورە ئاوییەکانى دەریاى ئیجەدا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە 20 کەس گیانیان لەدەستدا.
چوپەکە ژمارەیەک کۆچبەرى هەڵگرتبوو، بەپێى هەواڵى میدیا تورکیەکان 20 کۆچبەر خنکاون کە چوار منداڵ لە ناویاندایە و یەکێکیان ساوایە، چوار کەسیش رزگاریان بووە کە دوانیان لەلایەن تیمەکانەوە رزگارکراون و دوانیشیان بە هەوڵى خۆیان رزگاریان بووە.
رووداوەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى 12.3.2024، لە سنورە ئاوییەکانى پارێزگاى چانککالە روویداوە.
دواى ئاگاکارکردنەوەى پۆلیس، 10 تیمى فریاگوزارى دەریایى و دوو هێلیکۆپتەر دەگەنە شوێنى رووداوەکە.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاندووە، تائێستا تەرمی 20 کۆچبەریان دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەگەرى زیادبوونى ژمارەکە لە ئارادایە.
هیچ لە بارەى ناسنامەى کۆچبەرەکانەوە نەخراوەتەڕوو و تائێستا نازانرێت خەڵکى چ ووڵاتێکن.