کەیسەکان لە زیادبووندان

شارباژێڕ دەبێتە خاوەنی سەنتەرێکی ئۆتیزم

964+

پێشەوا محەمەد

وا بڕیارە سەنتەرێکی ئۆتیزم لە شارباژێڕ بکرێتەوە و ئەو کەیسانەی ئۆتیزم، کە لە سنووری قەزاکانی چوارتا و ماوەت هەن لەوێدا سەرپەرشتی بکرێن.

لە ئێستادا لیژنەیەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی رووپێویی کەیسەکانی ئۆتیزم دەکەن لەو سنوورە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبن.

هێمن محەمەد نەجم، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، رووپێوی دەستخستنی ئامارەکە مانگێک دەخایەنێت و دوای ئەوە بەرنامەی کردنەوەی سەنتەرێکی ئۆتیزم هەیە لە شارباژێڕ و کۆبوونەوەیەکیش لەبارەی کردنەوەی سەنتەرەکەوە کراوە.

وتیشی، “لەو ناوچەیە حاڵەتەکانی ئۆتیزم بەرەو هەڵکشان دەچێت و ئەو سەنتەرە و دانانی پسپۆڕ تێیدا گرنگە بۆ ئاگالێبوونیان و هەریەکە لە قایمقامیەتی ماوەت و پەروەردەی شارباژێڕ هاوکاری کردنەوەی ئەو سەنتەرەن”.

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی دوو سەنتەری ئۆتیزمی حکومەی هەن، یەکێکیان لە سلێمانی و ئەوی دیکەیان لە بازیانە و ئەگەر لە شارباژێڕ ئەو سەنتەرە بکرێتەوە دەبێتە سێ سەنتەری ئۆتیزم.

ئامادەییە پیشەییەکەی شارباژێڕ کرایەوە

ئامادەییە پیشەییەکەی شارباژێڕ کرایەوە