تابلۆی ئامادەیی پیشەیی بابان - وێنە: پەروەردەی شارباژێر
ئەمساڵ خوێندنی تێدا دەکرێت
ئامادەییە پیشەییەکەی شارباژێڕ کرایەوە
964+
پێشەوا محەمەد
ئامادەییە پیشەییە تاقانەکەی شارباژێڕ ئەمڕۆ کرایەوە، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ دەڵێت، بۆ ساڵی نوێ تێیدا دەخوێندرێت.
ئامادەییەکە ناوی بابانە و تایبەتە بە کۆمپیوتەر، پێشتر ئامادەکاریی بۆ کرابوو، خوێندکاریشی وەرگرتبوو، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە 10.3.2024 بە فەرمی کرایەوە.
لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ بە 964ـی راگەیاند، لەبەر ئەوەی بیناکەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی چوارتا وەرگرتووە و هەندێ کێشەی هەبووە، کاتیان ویستووە تا بە تەواوی چارەسەریان کردووە.
وتیشی، “ئێستا هیچ کێشەیەکی نەماوە و هەتا چەند ساڵێک بیناکە بە شێوەی کاتی وەرگیراوە، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ ئیشیان بەو بینایە نەبوو”.
پەیمانگاکە قوتابیانی قۆناغی 10ـی زانستی وەردەگرێت و دەتوانن تێیدا بخوێنن.
“لە بەرنامەماندا ئامادەییە پیشەییەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری لە ساڵانی داهاتوودا لە شارباژێڕ بکەینەوە”، لەتیف حسێن وای وت.