پۆلیس و ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنەکە

دوای 9 کاتژمێر رێگای پێنجوێن بۆ سلێمانی کرایەوە

964+

کامیار کەمال

دوای ئەوەی بەهۆی کێشەی نێوان شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن و باشماخەوە لە کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆوە رێگای پێنجوێن بۆ سلێمانی بەتەواوی گیرابوو، ئەمشەو هێزێکی پۆلیس و ئاسایش چوونەتە شوێنەکە و رێگاکە کرایەوە.

رائید کاروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، “لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش توانیویمان رێگای هاوڵاتیان بکەینەوە و هیچ کێشەیەک لە رێگای پێنجوێندا نەماوە”.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن وتیشی، ئێستا تەنیا ئەو بارهەڵگرانە لە رێگاکەدا ماون کە باری عەلوەن و شۆفێری مەرزی سەیرانبەن و باشماخن، ئەوانیش چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکەن، هەریەکە لە قایمقامی قەزای پێنجوێن و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

محەمەد کەریم دانیشتووی قەزای پێنجوێن کە کەمێک لەمەوبەر لە سلێمانییەوە گەڕاوەتەوە پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، راستە رێگاکە قەرەباڵغە، بەڵام ئاستەنگی هاتوچۆ نەماوە و بە بێ وەستان گەیشتونەتەوە ماڵ.

ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە کێشەی شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن و باشماخ بەردەوامە و تا ئەمڕۆش نەتواندراوە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت، شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن رێگا نادەن شۆفێرانی باشماخ بێنە ناو پێنجوێن و شۆفێرانی مەرزی باشماخیش رێگا نادەن بارە میوەکانی مەرزی سەیرانبەن بچێتە سلێمانی.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

هاوڵاتییەک: خێزانم نەخۆشە بەهۆی داخستنی رێگای پێنجوێن ...

هاوڵاتییەک: خێزانم نەخۆشە بەهۆی داخستنی رێگای پێنجوێن ناچارم بە کۆڵ بیگوازمەوە