ئامارەکان زۆر هەڵکشاون

دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بەکوژراوی لەژێر بەفر دۆزرایەوە

964+

فەهمی نەبی

دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بەکوژراوی لەژێر بەفر دۆزرایەوە و رێکخراوێکی مافی مرۆڤ دەڵێت: بە تەقەی پاسداری ئێرانی کوژراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە سنووری پەتکێی شاری پیرانشار تەرمی کۆڵبەرێک دۆزراوەتەوە کە لە رۆژی دووشەممەوە بۆی گەڕاون.

ئەرسەلان یار ئەحمەدی، سەرۆکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بە 964ی راگەیاند، ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە ناوی “محەممەد گەنجە”یە و باوکی کچێکە،  48 کاتژمێر بوو کەس سەروسۆراغی نەزانیبوو، دوای گەڕانێکی زۆر لە ناوچەی پەتکێ لەژێر بەفر تەرمەکەی دۆزرایەوە ئەم شوێنە ناوچەیەکی سنووریە و بەرەو چیای قەندیل دێت”.

بەوتەی ئەرسەلان یار ئەحمەدی، لەکاتی دۆزینەوەی تەرمی کۆڵبەرەکە دەرکەوتووە بە فیشەکێک شانی راستی پێکراوە، بۆئەوەی تاوانەکە شوێن بزر بکرێت، لەژێر بەفر حەشاردراوە.

بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤە، لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵ 12 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، 10 کۆڵبەر بە گوللەی راستەوخۆ پێکراون و یەکێکیان لەناو بەفردا رەق بووەتەوە و یەکێکی دیکەیان لەشاخ هەڵدێراوە.

هاوکات 136 کۆڵبەریش بریندارن، ئەمەش بەراورد بەساڵی رابردوو زۆر هەڵکشاوە و بە سێ مانگ نزیک بووەتەوە لە نیوەی ساڵی رابردوو کە بە کۆی گشتی ساڵەکە نزیکەی 300 کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون.

لەماوەی ئەم مانگە هەر رۆژێک کۆڵبەرێک بریندار کراوە

لەماوەی ئەم مانگە هەر رۆژێک کۆڵبەرێک بریندار کراوە