"هەموویان چارەسەر کراون"
ئەمساڵ 69 حاڵەتی هەوكردنی پەردەی مێشك لە سلێمانی تۆماركراون
شۆڕش قادری
ئەمساڵ 69 حاڵەتی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ لە سلێمانی تۆماركراون و سەرجەمیان چارەسەركراون.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لێدوانێکی د.كۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری بڵاوکردووتەوە کە دەڵێت، “ساڵانە دەیان حاڵەتی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ تۆمار دەكرێن و چارەسەر دەكرێن، ئەوە نەخۆشییەكی نوێ نییە و هۆكارەكەی یا بەكتریاییە، یان ڤایرۆسییە کە زۆرینەی جۆرەكانی ڤایرۆسییە و نەخۆشەكە خۆی چاك دەبێتەوە”.
“لەماوەی ئەمساڵدا لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد 61 نەخۆشی ڤایرۆسی و 8 تووشبووی بەكتریایی هەوكردنی پەردەی مێشك هەبووە و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە”، د.کۆیان وادەڵێت.
روونیشیکردووتەوە، دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە لەڕێی دەركردنی ئاوی پشتەوە دەبێت و نیشانەكانی بریتییە لە لەرز و تا و سەرئێشە و بەرچاو تەڵخبوون، لە منداڵی بچووكیش، تای بەهێزی دەبێت و ناتوانێت شیر بخوات.
د.كۆیان زاهیر دەڵێت، زۆربوونی ڕێژەی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ترسی لای هاوڵاتیان دروست كردووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و لە سلێمانی بەتایبەتی، رێژەكەی زۆر كەمە و ئاساییە.
وەک بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد دەڵێت، ساڵانی رابردووش نەخۆشییەكە هەبووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێتم بەڵام جێی ترس و نیگهەرانی نییە، چونکە نەخۆشییەكە ناگاتە ئاستی بڵاوبوونەوەی زۆر بە شار و قوتابخانەكان و دایەنگەكان.