داوادەکەن قەرەبوو بکرێنەوە
شەختە و سەرما پەتاتەی دەشتی بەردەڕەشی بێخێر کردووە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە دەشتی ناوکوڕی سنووری قەزای بەردەرەش ئەمساڵ بەهۆی سەرما و باران جوتیاران زیانی زۆریان بەرکەوتووە، جوتیارێک دەڵێت، بەڕووبەری نزیکەی 500 دۆنم زەوی پەتاتەی ناوچەکە لەناوچووە.
یوسف کەتۆ، جوتیارێکی دەشتی ناوکوڕە لە سنووری قەزای بەردەرەش بە 964ی وت، “ئەمساڵ زەرەری زۆرمان بەرکەوتووە خۆم و براکانم نزیکەی 130 دۆنم زەوی لە پەتاتەمان چاندووە و هەمووی لەناوچوو و زیانی 90 ملیۆن دینارمان بەرکەوتووە”.
ئەوەشی وت، “تاوەکو ئێستا بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی بەردەڕەش و هیچ کەسێک نەهاتووە بەهانامانەوە و پێمان بلێت ئایا ئێوە پێویستان بەچییە، داواکارین هاوکاری بکرێین، و ئێستا بە ناچارییەوە دووبارە پەتاتە دەچێنینەوە”.
تەحسین گۆران، بەڕێوبەری کشتوکاڵی بەردەرەش بە 964ی وت، بەپێی داتای بەردەست لە سنووری بەردەڕەش نزیکەی 500 دۆنم زەوی بە پەتاتە داچێندراو، ئەمساڵ لەم سنوورە 70 ملیم باران باریووە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ لەناوبردنی بەربوومی پەتاتە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، بۆ هاوکاری جوتیارەکان هیچمان بەدەستەوە نییە، چونکە لەسەرووی ئێمەوە هیچ هاوکاریەک نابینرێت، بەڵام ئێمە راپۆرتێکیان بۆ بنوسین و بەرزیبکەینەوە بۆ قەرەبوو کردنەوە.
لە سنووری قەزای بەردەڕەش ئەمساڵ بە رووبەری 22 هەزار دۆنم پەتاتە چێندراوە و پێشبینی دەکرێت 250 هەزار تۆن بەرهەمەکەی بێت، بەڵام ساڵی پار 30 هەزار دۆنم پەتاتە چێندرابوو، ئەمەش بەوتەی تەحسین گۆران.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی