له‌نزیک ده‌ریاچه‌ى دوكان
له دووه‌م رۆژى قه‌ده‌غه‌ى راوەماسیدا دوو هاوڵاتى ده‌ستگیركران
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
له دووه‌م رۆژى قه‌ده‌غه‌كردنى راوه ماسی، له سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین یه‌كه‌مین حاڵه‌تى راوكردن ئاشكرا بوو و پۆلیس دوو هاوڵاتی ده‌ستگیركردوون كه سه‌رقاڵى راوه‌ماسی بوون.
ئەمرۆ 6.3.2024 پۆلیسی دارستان و ژینگەی چوارقوڕنە لە سنوری (سارد و قامیشە) لە دەریاچەی دوکان، ئه‌م دوو هاوڵاتییه‌یان دەستگیرکردووه.
عەقید خەسرەو محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی راپەڕین بۆ 964 ئاشكراى كرد، كه یه‌كه‌مین حاڵه‌تى سه‌رپێچیكردنیان له دووه‌م رۆژى قه‌ده‌غه‌كردنى راوه‌ماسی تۆمار كردووه.
وتیشی “راوچییەکان پابەند نابن بە رێنماییەکان و قه‌ده‌غه‌ى راوه‌كردن، بۆیە رۆژانە مەفرەزەکانمان بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دەستبەسەر ئەو کەلوپەلانەدا گیراوە کە ئه‌م دوو كه‌سه بەکاریان هێناون بۆ راوکردن کە پێکهاتبوون لە تۆڕی راوی ماسی و ساچمە تۆڕ.
دووپاتیكرده‌وه، هەر کەسێک سەرپێچی بکات پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر بەرانبەریان کە بریتییە لە پێبژاردنی پارە و دەستگیرکردن.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن