بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی ئاکرێ وا دەڵێت

ئەمساڵ ئاکرێ وەک پایتەختی نەورۆز دەناسێنرێت

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە نەورۆزی ئەمساڵ لە ئاکرێ بەڕێوەببات، سەرۆکی شارەوانییەکەی پلان و بەرنامەکانی نەورۆز بۆ 964 ئاشکرا دەکات.

لەبەرئەوەی نەورۆز دەکەوێتە ناو مانگی رەمەزانەوە، ئاهەنگەکە دوای بانگی ئێوارە بەڕێوەدەبرێت.

بڵند رەزا زوبێر، سەرۆکی شارەوانیی قەزای ئاکرێ بە 964ـی وت، “ئەمساڵ گۆڕەپانی سەری گردی ئاکرێ فراوان کرا و دەخرێتە خزمەتی ئەو میوانانەی سەردانی ئاکرێ دەکەن”.

وتیشی، “بازاڕێکی هاوچەرخ بۆ شەوانی رەمەزان لە ئاکرێ دەکرێتەوە، هەموو دوکاندار و بگرە کۆمپانیاکانیش دەتوانن لەم شوێنە و لەم بازاڕە هاوچەرخە سوود ببینن”.

ئاکرێ بۆ کردنەوەی یادی نەورۆز و کردنەوەی ئاگر بەناوبانگە، ساڵانە دیمەنێکی جوان و سەرنڕاکێش پێشکەش دەکرێت و یادی نەورۆزی تێدا دەکرێتەوە.

ئیحسان ئاکرەیی، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی ئاکرێ بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵ بەرزاییەکانی کەلی ئاکرێ و شوێنێکی دیکە بۆ یارییە ئاگرینەکان بەکاردێت و حکومەتی هەرێم بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکەی لەئەستۆ گرتووە و بڕیارە ئەمساڵ ئاکرێ وەک پایتەختی نەورۆز بناسێنرێت.

وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتی ئامادەکاری ئاهەنگی نەوروزی ئاکرێ لیستی بەرنامەکانی نەوروزی ئەمساڵی ئاکرێ بڵاوبکرێتەوە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

رەشەبا زیانی 100 ملیۆن دیناری بۆ کارەبای ئاکرێ هەبووە

رەشەبا زیانی 100 ملیۆن دیناری بۆ کارەبای ئاکرێ هەبووە