دەروازەی پارکی هەواری شار - وێنە: پەیجی پارکەکە لە فەیسبووک
قوتابخانەیەک دابینی کردووە
800 نەمامی زەیتوون لە پارکی هەواری شار دەڕوێندرێن
پێشەوا محەمەد
لە ناو پارکی هەواری شار لە ئەمڕۆوە دەستکراوە بە روواندنی 800 نەمامی زەیتوون، کە لە لایەن قوتابخانەی سەڵاحەدینی ئامادەییەوە دابین کرابوون.
روواندنی نەمامەکان بە هاوکاریی ئیدارەی پارکەکە دەبێت و سبەینێ و دووسبەیش لە روواندنیان بەردەوام دەبن.
فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە 964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە بە گشتی ئامادەکاری کرا بۆ روواندنی نەمامەکان و سبەینێ و دووسبەیش سەرجەم نەمامەکان دەڕوێندرێن.
وتیشی، “لە چەند هەفتەی داهاتوودا خۆشمان دوو هەڵمەتی گەورەی سەوزکردنی دوو بەشی دیکەی پارکی هەواری شارمان بەدەستەوەیە و ئەنجامی دەدەین”.
روواندنی ئەو نەمامانە لەکاتێکدایە، چەند مانگێکە پارکەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە و کارەکانی تەواو بوون و بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بۆ وەرزی بەهار و هاوین ئامادەیە.
پاركی هەواری شار، لە سەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی.