بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوودا
ناوبژیوانی ده‌ره‌وه خولی ئەستێرەکانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ده‌سته‌ی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه رایگه‌یاند، تیمێكی ناوبژیوانانی سعودیه یاریی لووتكه‌ی نێوان زه‌وڕا و ته‌ڵه‌به له خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره له مێژووی خولی تۆپی پێی عێراقدا پێشهاتێكی وا رووده‌دات.
ده‌سته‌ی خوله‌كه رایانگه‌یاند، سێ ناوبژیوان “خالید ته‌ریس، محه‌مه‌د عه‌بكه‌ری و عه‌بدولڕه‌حیم شمه‌ری” له سعودیه‌وه دێن و یاریی زه‌وڕا و ته‌ڵه‌به به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، كه چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو له به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش به 964ی وت، ئه‌گه‌ری هه‌یه بۆ یاریی نێوان هه‌ولێر و دهۆكیش، كه هه‌فته‌ی داهاتوو له هه‌ولێر ده‌كرێت، ناوبژیوان له ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌كه ده‌ستنیشان بكرێن.
ئه‌رسه‌لان قادر ناوبژیوانی پێشووی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به گۆڕانكارییه له كاری ناوبژیوانی، به 964ی وت، “ئامانجی ئه‌م كاره‌ی فیدراسیۆنی عێراق بۆ شكاندنی ئابڵۆقه‌ی وه‌رزشیی سه‌ر یاریگه‌كانی شاری به‌غدایه و ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی ناوبژیوانانه‌وه په‌یامی ئارامیی شاری به‌غدا به فیفا و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بگه‌یه‌نن”.
تا ئێستا فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی تۆپی پێ “فیفا” رێگه نادات یارییه فه‌رمییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و یانه عێراقییه‌كان له ئاستی وڵاتانی ئاسیا و جیهان له به‌غدا بكرێت، ته‌نیا یاریگه‌كانی به‌سڕه و هه‌ولێر رێگه‌پێدراون.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق چه‌ند رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌یه، بۆ گۆڕینه‌وه‌ی توانا و شاره‌زایی وه‌رزشی، هاتنی ناوبژیوانانی وڵاتی دیكه‌ش بۆ خولی عێراق هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دایه.