964+
لە دوزخورماتوو
باوکێک لەسەربانی ماڵ کچە 17 ساڵانەکەی فڕێدایە خوارەوە و کوشتی
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
باوکێک دوای ئەشکەنجەدانی کچە تەمەن 17 ساڵانەکەی لەسەربانی ماڵەوە فڕێیداوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەقەزای دوزخورماتوو رویداوە.
شوان عەبدولڕەحیم وتەبێژی نەخۆشخانەی گشتی دوزخورماتوو، هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوەو وتی، “ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمی کچێک هێنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و دوای پشکنینی بەپەلە دەکەوت کە کچەکە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە و تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووە”.
ئەوەشی وت، “لاشەی شۆینی ئەشکەنجەی پێووە دیار بووە، بۆ لێکوڵینەوەو پشکنینی زیاتر تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کرا”.
964 پەیوەندی بە عەمید حوسێن عەلی بەڕێوبەری پۆلیسی گشتی دوزخورماتوو کرد وتی، “دوای هەواڵ پێدان هێزەکانمان راستەوخۆ چوونەتە شوێنی رووداوەکە و باوکی کچەکەیان دەستگیرکردووە، دوای لێکوڵینەوە باوکەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و وتویەتی ماوەی دوو رۆژە ئەشکەنجەی داوە و ئێوارەی ئەمڕۆش لەسەر بانی ماڵەوە فڕێیداوەتە خوارەوەو دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە”.
هێشتا نازانرێت هۆکاری کوشتنی ئەو کچە چی بووە، بەگوێرەی ئەو زانیاریەی لە پۆلیس بە 964 دراوە، پۆلیس لە لێکولینەوەی چڕدایە لەسەر هۆکاری ئەشکەنجەدان و کوشتنی کچە 17 ساڵانەکە.
بەپێی زانیاریەکانی 964 باوکەکە تەمەنی 44 ساڵەو خاوەنی دوو خێزانە، ئەمڕۆ کچێکی کە دانیشتوی بەسڕەیە بۆ سەردانی هاتوەتەوە خورماتوو بۆ ماڵی باوکی، لەکاتی هاتنە ژوورەوەی بینیویەتی خوشکەی لەژوورێکدا کەوتووە، وایزانیوە خەوتووە دواتر ئاشکرا بووە کە لەلایەن باوکیەوە دوای ئەشکەنجەدان و فڕێدانی لەسەر بانی ماڵەکەیانەوە گیانی لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی