کۆبوونەوەی لیژنە هاوبەشەکە لەگەڵ شۆفێری پاسەکان _ وێنە: 964
رێنماییان پێدراوە
لە شارەزوور لیژنەیەک لەگەڵ شۆفێری پاسی قوتابیان کۆبوەتەوە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
لیژنەیەک لە قایمقامیەت، پەروەردە، ئاسایش، پۆلیسی هاتوچۆ و گواستنەوەی شارەزوور لەگەڵ ئەو خاوەن پاسانە کۆبوونەوە کە هاتوچۆ بە قوتابیانی قەزای شارەزوور و ناحیەی زەڕایەن دەکەن، چەند مەرج و رێنماییەکیان پێدرا.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.2.2024 بەڕێوەچوو، ژمارەی پاسەکان 50 پاسە، پەروەردەی زانیاری هەبووە، کە پاسی بێ سەرەتا، شۆفێری بەدیل و چەند سەرپێچییەک لە کاتی ئەرکدا تۆمارکراوە، هەروەک قەدەغە کراوە هیچ قوتابخانەیەک خۆی رێککەوتن لەگەڵ پاسەکاندا بکات، بەڵکو بە ئاگاداری لیژنە هاوبەشەکە دەبێت.
نەبیل حەمەساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور بۆ 964 وتی، لیژنەکە لە بینای سەندیکای شۆفێران و لەگەڵ شۆفێری ئەو پاسانە کۆبوونەوە، کە هاتوچۆ بە قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی دەکەن لە سنوری قەزای شارەزوور، لە کۆبونەوەکەدا رێنمایی بەو شۆفێرانەدرا، بە تایبەت رێنمایی بۆ مامەڵە لەگەڵ قوتابیانی کچ و منداڵانی باخچەکان.
بە قسەی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکە بێت، 18 خاڵ وە رێنمایی بە خاوەن پاسەکان دراوە، پێویستە پابەندبن بە رێنماییەکانەوە، بەپێچەوانەوە رێکاریی یاساییان لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئاراس محەمەد، سەرپەرشتیاری ئەو لیژنە کە لەگەڵ شۆفێری پاسەکان کۆبوونەتەوە ئەو بۆ 964 وتی، پاسەکان دەبێت ساڵانەیان هەبێت و (علوج) نەبن، هەروەها نابێ بە هیچ شێوەیەک (پەردە و جامی رەش و تەسجیل و هێڵی ئەنتەرنێت ) لە ئۆتۆمبیلەکانیاندا بەکاربهێنن، وە مەرجی توند وتۆڵیان هەبێ و سیستمی ساردی و گەرمی کاربکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا