لە زەڕایەن
سێ ئاژەڵدار لەسەر لەوەڕاندنی مەڕوماڵەت لە دارستانێک دەستگیر کران
964+
ژووری هەواڵ
لە سنوری ناحیەی زەڕایەن سێ هاوڵاتی ئاژەڵی ماڵیان بەخێوکردووە و دار و درەختی دارستانی دەستکردی ناحیەکەیان کردووە بە سەرچاوەی خۆراک بۆ ئاژەڵەکانیان، لەسەر ئەوە هەرسێکیان دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28.2.2024، هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیس و دارستانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لق و پۆپی بەشێک لە دارەکانی دارستانەکە زیانیان بەرکەوتووە و لەلایەن مەڕ و ماڵاتی ئەو سێ هاوڵاتییەوە خوراون.
“ئەو سێ ئاژەڵدارە، مەڕو ماڵاتەکانیان لە نزیک دارستانەکە بەخێودەکەن و بە مەبەستی لەوەڕاندن ئاژەڵەکانیان بردووەتە دارستانەکە”، هێمن کەمەرخان وای وت.
پۆلیسی دارستانی زەڕایەن بەڵێننامە بەو سێ کەسە پڕدەکاتەوە کە جارێکی دیکە ئاژەڵەکانیان نەبەنە دارستانەکە بە مەبەستی لەوەڕاندن، لە ئەگەری دووبارەکردەنەوەدا رێکاری یاسایی تووندتریان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.