زانیاری نوێ له باره‌ی ئاگره‌كه‌ی له‌نگه ئاشكرا بوون
“سیستمی ئاگركوژێنه‌وه وه‌رنه‌گیراوه و كێشه‌ی سیكوریتیشی هه‌ر ماوه”
شۆڕش هه‌ركی
ئه‌نجومه‌نی بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر ئاشكرای كرد، سیستمی ئاگركوژێنه‌وه‌ی بازاڕی له‌نگه هێشتا وه‌رنه‌گیراوه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كێشه له باره‌ی سیكوریتی بازاڕه‌كه هه‌یه.
یاسین خدر بۆ 964 قسه‌ی كرد و ده‌ڵێت، سیستمی ئاگركوژێنه‌وه له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دابین كراوه، به‌ڵام وه‌رنه‌گیراوه و ته‌سلیم نه‌كراوه.
هه‌روه‌ها له باره‌ی سیستمی چاودێری و سیكوریتییه‌وه ده‌ڵێت، كۆمپانیایه‌ك ئه‌و كاره‌ی ده‌كرد و كێشه‌یان نه‌بوو، به‌ڵام خه‌ڵكانێك رێگه‌یان نه‌دا كار بكه‌ن و ئێستا نازانن كێ له‌و چاودێریكردنی بازاڕه‌كه به‌رپرسه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، كێشه‌كه هێشتا ماوه.
یاسین خدر ئه‌وه‌شی وت، نزیكه‌ی 200 دوكان و كۆگا سووتاون.
ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه 27.2.2024 ئاگر له بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر كه‌وته‌وه، كه زیانێكی زۆری به بازاڕه‌كه گه‌یاند، ئاگره‌كه دوای دوو كاتژمێر 40 خوله‌ك كۆنتڕۆڵ كرا.
تا ئێستا هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه دیار نییه، به‌ڵام قسه‌ی ئه‌وه هه‌یه شۆرتی كاره‌با هۆكار بێت، هه‌روه‌ها بوونی بایه‌كی به‌هێز ئاگره‌كه‌ی زیاتر ته‌شه‌نه پێكردووه.
بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر، بازاڕێكی میللییه و تا ئێستا چه‌ند جارێك سووتاوه، گه‌وره‌ترینیان له ئۆكتۆبه‌ری 2018 بوو، كاتێك نزیكه‌ی 1200 دوكان سووتاون و زیانێكی زۆری هه‌بوو.
داڕشتنه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا