شوێنی بۆ دیاری کراوە

یانەی دهۆک دەبێتە خاوەن یاریگایەکی نوێ

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

بڕیار دراوە یاریگایەکی مۆدێرن و نوێ بۆ یانەی دهۆک دروست بکرێت، شوێنەکەیشی بۆ دیاری کراوە.

بە رووبەری 72 هەزار مەتر چوارگۆشە زەوی بۆ ئەو یاریگایە تەرخانکراوە کە دەکەوێتە ناوچەیب ئیتیت لە دەروازەی شاری دهۆک.

شڤان مەحەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ـی وت، لەلایەن پارێزگاری دهۆکەوە رەزامەندی فەرمی دراوە لەسەر دروست کردنی یاریگایەکی ئۆلۆمپی لە پارێزگای دهۆک و شوێنیشی بۆ دابینکراوە، تەنیا ئەوە ماوە وەبەرهێنەر وەری بگرێت و جێبەجێی بکات.

گوژمەی پرۆژەکە هێشتا دیاری نەکراوە دوای ئەوەی کەشفی بۆ کرا ئەو کاتە دیاری دەکرێت چەندی بۆ تەرخان دەکەن.

وتیشی، یاریگاکە دەبیتە یاریگایەکی تەواو مودرێن و هەموو یارییەکانی وەک، یاری تێنس، باسکت بۆڵ و گۆڕەپان و مەیدانی تیادا دەکرێت، نەخشەکەی وا دیاری کراوە ببێت بە شارێکی وەرزشی و هاوشێوەی یاریگای بەسرەی لێ بکرێت.

هەروەها یاریگاکەی ئیستای یانەی دهۆک دەمێنێتەوە بۆ پارێزگای دهۆک و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن ئایا چارەنووسی چیدەبێت و دەی روخێنن یاخود وەکو خۆی دەمێنیتەوە.

یاریگاکەی ئیستای یانەی دهۆک زیانی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی ئەم بوومەلەرزانەی لەم دواییە روویداوە و گەرەنتی ئەوە نادرێت نۆژەنکردنەوەی سوودی هەبێت یاخود ستوونی کارەبای لەسەر دابنرێت بۆ زیاتر رووناککردنەوەی یاریگاکە و مەترسی هەیە و زەوییەکەی باش نییە، شڤان محمد وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

دهۆک لە یاریگای خۆی سێ خاڵی تری بەدەست هێنا

دهۆک لە یاریگای خۆی سێ خاڵی تری بەدەست هێنا