خاوەن دوکانەکان نیگەرانن
بازاڕى باتیفا کش و ماتە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بازاڕى قەزاى باتیفا کش و ماتە و خاوەن مارکێت و دوکاندارەکانىش دەڵێن، ئەگەر بە تەماى ئەوەبین دانیشتووانى قەزاکەمان شتمان لێبکڕن دەبێت دواى مانگێک دوکان و مارکێتەکانمان دابخەین.
ئەوەى دوکاندا و خاوەن مارکێتەکانى قەزاکەى نیگەران کردووە ئەوەیە، بازاڕى قەزاکە لاوازە و خەڵکى پێویستییەکانیان ناکڕن، جوتیار حاجى کە خاوەنى یەکێک لە مارکێتەکانى باتیفایە و بۆ 964 قسەى کردووە، دەڵێت: ئەگەر بۆ فرۆشتنى کەلوپەل و پێداویستییەکان پشت بە خەڵکى قەزاکەمان ببەستم، دەبێت دواى مانگێک مارکێتەکەم دابخەم.
بە قسەى ئەو خاوەن مارکێتە، زۆربەى ئەوانەى کەرەستەکانیان لێدەکڕن، گەشتیارانن و خەڵکى دەرەوەى باتیفان.
لەسەر ئەو پرسە، پەیامنێرى 964 چەند دانیشتوویەکى قەزاکەى دواند، ئەوانیش نیگەرانن و پێیان وایە دۆخى دارایى و نەبوونى هەلی کار، هۆکارە بۆ ئەوەى خەڵکى وەک پێویست روو لە بازاڕ نەکەن.
هەرچەندە بە وتەى فەرهاد مەحمود، قایمقامى قەزاى باتیفا کە بۆ 964 قسەى کردووە، لەم دواییانە چەند پڕۆژەیەکى گرنگ لە قەزاکە ئەنجامدراون و دەرفەتى کارى دروستکردووە، بەڵام وەک دەڵێت: لە ماوەى رابردوودا باتیفا لە زۆر رووەوە پشتگوێ خرابوو.
باتیفا، بە قەزاى گەشتیارى ناسراوە، ئەوەش بەهۆى ئەو سروشت و جوگرافیایەى هەیەتى کە چەندین شوێن و ناوچەى گەشتیارى لەخۆى دەگرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا فائیز عەبدولڕەحمان، گەنجێکی قەزاکەیە و بە 964ی وت: بۆ بەدەستهێنانی کار ناچاربوومە باتیفا جێبێڵم و لە زاخۆ کار بکەم.
هەروەها عەلی باتیفی، خاوەن مارکێتە و بۆ 964 وتی: هەندێک کەرەستە هەیە مۆدێلی نەماوە، کەچی هەر لە دوکانەکەمدا ماون و کڕیاری نییە، چونکە خەڵک لێرە کەرەستە ناکڕن.
قەزای باتیفا سەر بە ئیدارەی زاخۆیە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتى زاخۆ، ژمارەى دانیشتوانى زیاترە لە 25 هەزار کەس و ناحیەى بێگۆڤا و 72 گوند لە خۆى دەگرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح