کەس لەسەر ئاگرکردنەوە لەسەر شەقام سزا نادرێت
+964
بەهرە محەمەدئەمین
لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەو ئاگرانەی لەسەر شەقامەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکرێنەوە سەر دەکێشن بۆ رووداوی نەخوازراو، بەڵام پۆلیس کەس دەستگیر ناکات و بەرگری شارستانیش تەنیا ئامۆژگارییان دەکات.
دیاردەی ئاگرکردنەوە لەسەر شەقامەکانى ناوشار، هەروەها زەوییە کشتوکاڵییەکان بوونێکی بەردەوامی هەیە، لە رابردووشدا چەندان زیانی لێکەوتۆتەوە.
سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی بە 964+ـی راگەیاند: هەر حاڵەتێکی ئاگرکردنەوە لەسەر شەقام و ناو شار ئەگەر زیان بە دەوروبەر نەگەیەنێت، رێگری لێناکرێت، تەنیا رێنمایی هاوڵاتییان دەکەین خۆیان بەدوور بگرن لە کردنەوەی ئاگر، چونکە زۆرجار زیانی نەک تەنیا بۆ دەوروبەر بگرە بۆ خۆشیان دەبێت.
بە گوتەی بەرگری شارستانی حاڵەتەکان بەپێی وەرزەکان جیاوازە، لە وەرزی زستان، دەسگێڕەکان لە سەر شەقامەکان بۆ خۆگەرمکردنەوە ئاگر دەکەنەوە، هەندێکجار سەردەکێشێت بۆ حاڵەتی نەخوازراو و عەرەبانەی خۆشیانی سوتاندووە.
سەرکەوت کاڕەش وتیشی “بەڵام هاوینان بە بیانووی نەهێشتنی زیندەوەرە زیانبەخشەکان، حاڵەتەکانی سوتاندنی پووش و پەڵاش زیاد دەبێت، کە ئەمەیان زیانەکانی زیاتر و گەورەترە، حاڵەت هەبووە ئۆتۆمبێل و مۆلیدەی گەرەکێکیشی سووتاندووە”.
زیاتر وتیشی “هەر کاتێک حاڵەتی ئاگرکردنەوە زیانی لێبکەوێتەوە رێکاری یاسایی دەگرینەبەر و ئەوکەسەی کارەکەی ئەنجام داوە توشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت، بۆیە رێنمایی هاوڵاتیان دەکەین ئاگر نەکەنەوە باشترە”.
لەلای دەستەی ژینگە هەموو ئاگرێک زیانی بۆ ژینگە هەیە، هەر کەسێکیش بکەوێتە ناو مەفرەزەکانیان، سزا دەدرێن.
عبدالرزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگە بۆ 964+ رایگەیاند: هەموو جۆرە ئاگرێک زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، بەڵام بڕی زیانەکە دەکەوێتە سەر جۆر و بڕی سوتەمەنییەکە و ماوەی بەردەوام بوونی سووتاندنی، هەرکاتێک زیانەکەی لە رادەی ئاسایی زیاتر بێت بکەرەکە سزا دەدرێت.
بە قسەی وتەبێژی دەستەی ژینگە، دەستەکە لە رێگای مەفرەزەکانیەوە، رووبەرووی دیاردەکە دەبنەوە، مەفرەزەکان هەر کەس بگرن، رووبەرووی سزای یاسایی دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر کەسەکە دیار نەبێت، هیچمان پێناکرێت.