دەروازەی پارکی هەواری شار - وێنە: پەیجی پارکەکە لە فەیسبووک
چی تێدا کراوە؟
پارکی هەواری شار لە سلێمانی بۆ بەهار ئامادەیە
پێشەوا محەمەد
جگە لە هەندێ ئیشی وردە، بە وتەی بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار لە سلێمانی، تەواوی کاری نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوەی پارکەکە کۆتایی هاتووە و بۆ بەهار بۆ پێشوازی گەشتیاران ئامادەیە.
چوار سێتی نوێی تەوالێت بۆ پارکەکە دروستکراون و بەوەی خۆیەوە ئێستا 10 سێتی دوو تەوالێتیی تێدایە.
فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە 964ـی راگەیاند، بە گشتی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی تەوالێت و دروستکردنی هەندێ شۆستەی نوێ تەواو کراون و هەندێکیان هەندێ ئیشی زۆر کەم و وردیان ماوە.
وتیشی، “تەواوی حەوزەکان و ئاوەڕۆکان و شەلالەکان پاککراونەوە و دەست بە رشاندنی دژە گیای بەهارە کراوە و ئەو دارانەی پێویستیان بە رێککردنەوە و گواستنەوە هەبوو هەمووی بۆ کراوە.”
پاركی هەواری شار، لە سەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی.
“پارکەکە 10 هەزار نەمامی نوێی تێدا رووێندراوە و پەرژینەکەشی چاککراوەتەوە و بۆ بەهار بەتەواوی پارکەکە ئامادە دەبێت تا هاوڵاتیان کاتێکی خۆشی تێدا بەسەربەرن”، ئەوەش قسەی بەڕێوەبەری پارکی هەواری شارە.