سێ بنکەشی هەیە

بازیان بوو بە خاوەنی بەشی پۆلیس

964+

پێشەوا محەمەد

قەزای بازیان بوو بە خاوەنی بەشی پۆلیسی سەربەخۆ و سێ بنکەشیان هەیە، پێشتر لە قەزاکە تەنیا دوو بنکەی پۆلیس هەبووە.

رۆژی دووشەممە بەشی پۆلیسەکە کراوەتەوە، بنکەکانی تاسڵوجە، بازیان و بەردەقارەمان بوونیان هەیە و سەر بەو بەشە سەربەخۆیەی پۆلیسی بازیانن.

ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بازیان بە 964ـی راگەیاند، پێشتر دوو بنکەیان هەبووە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەکان بوون، بەڵام ئێستا بەشی سەربەخۆیان هەیە و راستەوخۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانین.

وتیشی، “کردنەوەی ئەو بەشە لە چوارچێوەی تەواوکردنی هەیکەلی ئیداریی بازیانە دوای بوونی بە قەزا”.

قەزای بازیان لە پێنج شارۆچکە و 58 گوند پێکدێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 80 هەزار کەسە.

قایمقامی قەزاکە روونیشی کردەوە، کاروبارەکانی دادگایەک بە هەموو بەشەکانییەوە لە بازیان تەواو کراون و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە.

دەشڵێت، کردنەوەی بەشی پۆلیسی بازیان وەک بەڕێوەبەرایەتییەک وایە و رۆتینیات و هاتوچۆ نامێنێت و هەموو کاروبارەکانی پۆلیسی لە ناوەندی قەزاکە بەڕێوەدەبرێن.

زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی بازیان قەرەبوو دەکرێنەوە

زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی بازیان قەرەبوو دەکرێنەوە