لە ورمێ زیندانی کرابوو
شۆفێری بارهەڵگرەکەی دەروازەی حاجی ئۆمەران گەڕایەوە ناو کەسوکاری
ئاکام غەفوور – چۆمان
شۆفێرێکی بارهەڵگر لە دیوی ئێرانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و بۆ زیندان لە شاری ورمێ گواستراوەتەوە، پاش زیاتر لە دوو مانگ ئەم ئێوارەیە 16.6.2026، ئازاد کرا و بە کەسوکاری شادبووەوە.
ئەو شۆفێرە ناوی هێمن رەسوڵـە و دانیشتووی قەزای چۆمانە، قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردووە و دەڵێ، لەسەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، لە دەروازەی حاجی ئۆمەران خۆی و ماڵباتەکەی کاری گواستنەوەی کاڵا دەکەن و شۆفیری بارهەڵگرن.
وەک گێڕایەوە، رۆژێک لە کاتی هاتنەوەی بۆ دیوی هەرێمی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران رایانگرتووە و ناویان لێ پرسیوە و دواتر وتوویانە دەبێت لەگەڵمان بێیت، دواتر بۆ زیندان لە ورمێ گواستوویانەتەوە.
هێمن وەک خۆی باسیدەکات، ئەو ماوەیە پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری هەبووە و زانیوویانە لە زیندانە، بەڵام ئەمڕۆ و دوای زیاتر لە دوو مانگی مانەوە لە زیندان، هێزە ئەمنییەکان هاتوون و پێیان وتووە، خۆت بپێچرەوە تۆ ئازادیت.
دەربارەی مامەڵە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵی، ئەو وتی، مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵ کردووە، خۆی دەیگڕێتەوە کە هۆکاری دەستگیرکردنی، گومان بووە لە ناوەکەی، کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو مانگ لە زیندان ماوەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا