لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا

نزیکەی 3 ترلیۆن دینار کورتهێنان لە نێوان داهات و خەرجییەکانی هەرێم هەبووە

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی دارایی تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتی حەوت ساڵی بڵاوکردەوە، کە نزیکەی سێ ترلیۆن دینار لە نێوان داهات و خەرجییەکانی هەرێم کورتهێنان هەبووە.

لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی (2019 تاوەکو 2025)، بەپێی داتاکانی کۆتایی لە خشتەی تەرازووی پێداچوونەوەدا لەو ماوەیەدا، دەردەکەوێت کورتهێنانی ساڵانە لە هاوسەنگی کۆی گشتی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

کۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هەرێم (نەوتی و نانەوتی) لەگەڵ کۆی تەمویلی حکومەتی فیدراڵی لەو حەوت ساڵە بریتییە 84.8 ترلیۆن دینار، بەڵام لە بەرامبەردا کۆی گشتی خەرجییە کردارییەکان دەکاتە 87.5 ترلیۆن دینار.

دەردەکەوێت کە 2.7 ترلیۆن دینار کورتهێنان هەبووە، ئەوە سەرەڕای هەژمارنەکردنی مووچە نەدراوەکان کە بووەتە قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم، لەگەڵ خەرجی دیکەی هەڵپەسێردراو لە ماوەی ساڵانی 20190 تاوەکو 2025 کە بریتییە لە خەرجی کۆمپانیاکان و بەڵێندەران و شایستەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە قەبارەی کورتهێنان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە.

دارایی دەڵێت، کۆی داهاتی نەوتی لە ساڵی 2019 تاوەکو مانگی 3 ی 2023 کە هاتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، نزیکەی 22.5 ترلیۆن دینار بووە، کە دەکاتە رێژەی 44٪ کۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم، رێژەی لە 26٪ی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.

هەروەها داهاتی گومرگ و دەروازەکان، 9.5 ترلیۆن دینار بووە بە رێژەی 19٪ لە کۆی داهاتی نانەوتی، رێژەی  لە 11٪ی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.

داهاتی باج و خانووبەرەی میریی کۆی گشتی 5.4 ترلیۆن دینار بووە بە رێژەی 11٪ لەکۆی گشتی داهاتی نانەوتی، رێژەی لە  6٪ی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.

داهاتەکانی دیکە، 13.8 ترلیۆن دینار بووە، بە رێژەی 27٪ لەکۆی داهاتی نانەوتی، رێژەی لە 16٪ی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.

کۆی گشتی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی 20190تاوەکو 2025 تەنیا رێژەی 59٪ی کۆی گشتی خەرجییە کردارییەکانی پێکهێناوە.

واتە کۆی داهاتی ساڵانە (نەوتی و نانەوتی) نەیتوانیووە خەرجییە گشتییەکانی (کرداری) هەرێم پڕبکاتەوە، لە ئەنجامدا کورتهێنانی ساڵانەی یەک لە دوای یەک روویداوە.