“دزی لێ نەکراوە”

دوکانێک لە خەلیفان 15 ساڵە دانەخراوە

964+

ئاکام غەفور – خەلیفان

دوکانێک لە ناوەندی خەلیفان- ی ئیدارەی سۆران، ماوەی 15 ساڵە دانراوە، بەوتەی خاوەنەکەی بێت تاوەکو ئێستا دەرگای (دەرابەی) دوکانەکە دانەخراوە، ئێواران جێی دەهێڵێت بێ ئەوەی، کامێرا و هیچ کەسێک چاودێری بکەن.

دوکانەکە، کێلی گۆڕی تێدا دروستدەکرێت و دەفرۆشرێت، کەوتووەتە سەر شەقامێکی گشتی قەزای خەلیفان، تەنیا بۆ فرۆشتنی کێلەکان بە رۆژدا لە دوکانەکەدا کەسێک ئامادەیی هەیە.

بەهۆی ئەوەی خاوەنەکەی دوکانەکەی دانەخستووە، لە ناو دەڕابی دوکانەکە ژمارەیەک کۆتر هێلانەیان دروستکردووە، خاوەنەکەی بە 964ی وت، “قەت دایناخەم هەر لەبەر خاتری تێکنەچوونی هێلانەی ئەو باڵندانە”.

“لەو رۆژەوەی دوکانەکەم داناوە، تاوەکو ئێستا دامنەخستووە، شەوان هەر ئاوایە هیچ کاتێک گرفتم نەبووە نە هیچ دزییەکم لێ کراوە، نە رۆژێ لە رۆژان دەستکاری کەلوپەلەکانم کرابێ، بگرە دوکانەکەم هیچ کاتێک لە حەوت ملیۆن کەمتر کەلوپەلی تێدا نەبووە”.

پەیامنێری 964، لە دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکە سۆراغی کردووە، تائێستا هیچ کەیس و سکاڵایەک نییە، کە لەبەرامبەر یەکێک لە تاوانەکانی دزیکردن لە دوکانەکەدا تۆمارکرابێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا