باڵەخانەی ئەکادیمیای کوردی. وێنە:لاپەڕەی ئەکادیمیای کوردی
دیداری رۆژی زمانی دایک ئەنجام دەدرێت
ئەکادیمیای کوردی دەیەوێت کێشەی شێوەزارەکان دیاریی بکات
964+
فەهمی نەبی
ئەکادیمیای کوردی بڕیاریداوە رۆژی 21ی ئەم مانگە بۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایک دیدارێک بۆ چوار توێژەری هەر چوارپارچەی کوردستان رێکبخات و جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی دەڵێت، “ئامانجمانە کێشەی زارەکانی زمانی کوردی لە هەر چوار پارچە دەستنیشان بکەین”.
رەشاد میران جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بۆ 964 قسەی کردووە دەڵێت، لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە توێژەرانمان بۆ رۆژی دایک میوانداری کردووە، ئەوان لە توێژینەوەکانیان باسی ئەو کێشانە دەکەن، کە لە پارچەکانی ژێر دەستی ئەو وڵاتانە رووبەڕووی زمانی کوردی دەبنەوە، لە کۆتایی دیدارەکەشدا چەند راسپاردەیەک گەڵاڵە دەکرێن.
بڕیارە رۆژی 21.2.2024 کاتژمێر 3:30ی ئێوارە ئەکادیمیای کوردی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە تەلاری ئەکادیمیای کوردی لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر، دیداری زمانی دایک ساز بکات.
ئەکادیمیای کوردی ناونیشانی دیدارەکەی بەم جۆرە دیاریی کردووە، “نزیککردنەوەی زارەکان و پاراستنی زمانی کوردی بنەمایەکی یەکبوونی نەتەوەییمانە”.
بڕیارە هەریەکە لە نوح بوزکور لە باکوری کوردستان، سوداد رەسوڵ لە باشووری کوردستان، سەعد قازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و محەمەد سەڵاح رەشید لە رۆژئاوای کوردستان توێژینەوەکانیان پێشکەش بکەن.
سەبارەت بە پڕۆژەی گۆڕینی تابلۆی شوێنەکان بۆ زمانی کوردی، جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی دەڵێت، “ئێمە 10 ساڵ دەبێت پڕۆژەی گۆڕینی تابلۆی شوێنەکان بۆ زمانی کوردیمان هەیە و چەند ساڵێکە داومانەتە پارێزگای هەولێر بۆ جێبەجێکردن، بەڵام بەشی هەرە زۆری جێبەجێ نەکراوە”.
رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1999 رۆژی 21 ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند، ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایک دیاریی کرد.
ساڵی 1952 ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەکزمانی ناڕەزاییان دەربڕی، 11 کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران و ساڵی 1956 دەوڵەت بە ناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا و دیاریکردنی رۆژی جیهانی زمانی دایک لەسەر ئەو بنەمایە بووە.