داوای هەمواری بڕوانامەکانیان دەکەن
مامۆستا و فەرمانبەرانی خاوەن بڕوانامەی باڵا لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا، کە بڕوانامەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەژمار نەکراوە، لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
ناڕەزایەتییەکە بەهۆی ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی ئەو مامۆستایانە بە بڕیارێکی تایبەتی حکومەت مۆڵەتی خوێندنیان پێدرابوو، بەڵام تا ئێستا بڕوانامەکانیان بۆ هەژمار نەکراوە و هیچ دەرماڵەیەکی خوێندنیان بۆ خەرج نەکراوە.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە کە قسەیان بۆ 964 کردووە ئاماژەیان بەوەکرد، داواکارییەکەیان بریتییە لە هەمواری بڕوانامەکانیان و هەژمارکردنیان لەسەر بنەمای زانستی، بەتایبەت کە ژمارەیەکی زۆر لەو مامۆستایانە لە زانکۆ ناودارەکانی دەرەوەی وڵات خوێندنیان تەواو کردووە.
ئەوان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێم هەمان ئەو ئاسانکارییانەی بۆ دەرچووانی خاوەن بڕوانامەی باڵای عێراق کراوە، بۆ ئەوانیش جێبەجێ بکات و قەرەبووی ئەو ماوەیە بکاتەوە کە بێ دەرماڵە بەسەریان بردووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر