5 ملیار دیناریان پێویستە
دوو گەڕەکی خورماتوو بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دانیشتووانی هەریەک لە گەڕەکەکانی تین و عەسکەری لە خورماتوو داوای بەهاناوەچوون دەکەن، بەهۆی قوڕولیتەی گەڕەکەکانیان تووشی ئاستەنگی هاوتووچۆ بوونەتەوە.
عەبدولهادی رەزوان هاوڵاتیەکی گەڕەکی عەسکەرییە بە964ی وت، ئێمە بێزاربووین ئەوەندە سەردانی شارەوانی بکەین و بە بەڵێنی بێ کردار بەڕێمان دەکەن، دەشڵێت پێموایە جیاوازیەکی زۆر لەنێوان گەڕەکەکاندا کراوە چونکە زۆربەی گەڕەکەکانی قەزاکە بێ کێشەن تەنها ئەم دوو گەڕەکە لە هەموو خزمەتگوزارییەک بێبەشکراوە.
سەباح عاسی هاوڵاتیەکی گەڕەکی تین بە 964ـی وت، گەڕەکەکەیان لە هەردوو وەرزی زستان و هاویندا دوچاری گرفت دەبێتەوە، لە هاویندا دەبێت بەرگەی خۆڵ بگرن، لە زستانیشدا لەناو قوڕولیتەوە هاتووچۆ بکەن، وتیشی تائێستا بەشی ئاوەڕۆ نەگەشتووە بەگەڕەکەیان و سەرەڕای نەهامەتیەکان هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریان پێنەگەشتووە و داوای بەهاناوەچون دەکەن.
964 پەیوەندی بە مەرعی رەشید سەرۆکی شارەوانی خورماتووە کرد و رایگەیاند، گەڕەکی عەسکەری بڕی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، هۆکاری دواکەوتنەکەشی تەواو نەبوونی بەشی ئاوەڕۆییە.
سەبارەت بەگەڕەکی تین دەڵێت، ئەو گەڕەکە تائێستا هیچ بەشێکی خزمەتگوزاری پێنەگەشتووە و مافی خۆیانە هەرچی بڵێن، سەرۆکی شارەوانی خورماتوو وتیشی، نیگەرانین لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی عێراق، کە وەک پێویست هاوکاریان نین، چەندین نوسراویان ئاڕاستە کرووە تائێستا بێ وڵام ماونەتەوە، دەشڵێت لەهەوڵەکانیان بەرداوام دەبن بۆ ئەوەی چی زووە کێشەوگرفتی ئەو گەڕەکە بەتەواوی چارەسەر بکەن.
بەپێی بەدواداچونەکانی 964، گەڕەکی تین ئەو گەڕەکەی کە تائێستا هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری پێەگەشتووە، بڕی 5 ملیار دیناری پێویستە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردن و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی دیکەی ئەو گەڕەکە.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران