یەکەم جارە

لە بازیان توێژینەوە لەسەر 40 جۆر نیسک دەکرێت

پێشەوا محەمەد

وێستگەی توێژینەوەی کشتوکاڵیی بازیان توێژینەوە لەسەر 40 جۆر نیسک دەکات، دەڵێن مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجامی توێژینەوەکەیان دەردەچێت.

ئەو 40 جۆر نیسکە رێکخراوی ئیکاردی لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقییەوە پێیداون و دەیانەوێت باشترین جۆری لە رووی گونجان لەگەڵ کەشوهەوا، کوالێتی و زۆرترین بەرهەم دیاری بکەن.

هەژار عەبدولخالق، لێپرسراوی وێستگەی توێژینەوەی کشتوکاڵیی بازیان، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانییە بە 964ـی راگەیاند، نیسکەکەیان بە 400 خەتی یەک مەتری چاندووە و یەکەم ساڵیشە توێژینەوە لەسەر ئەو جۆرە نیسکانە دەکەن.

وتیشی، “لە مانگی 12ـی ساڵی رابردووەوە نیسکەکە چێندراوە و مانگی شەشی ئەمساڵ توێژینەوەکەمان دەگاتە ئەنجام”.

ئەو نیسکانەی لەو توێژینەوەیەدا بەکاردەهێندرێن هیچ جۆرێکیان لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

“هەرکامێکیان باشترین بوو ئێمە بەسەر جوتیاری نموونەییدا دابەشی دەکەین و لە ماوەی چەند ساڵێکدا بنەتۆوێکی باشی لێ بەرهەمدەهێنین”، هەژار عەبدولخالق وای وت.