کارگەى وردکردنی بەردی بۆ داناوە
توركيا تۆڕێکى نوێى رێگاى سەربازى لە هەرێمى کوردستان دروست دەکات
964+
وریا فەتاح
سوپاى تورکیا لە دەڤەرى بەروارى باڵا بە درێژاى نۆ کیلۆمەتر، تۆڕێکى نوێى رێگای سەربازى دروست دەکات، بۆ هاڕینى بەردەکانیش کارگەیەکى بەردوردکردن (کەسارە)ى داناوە.
کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)ى ئەمەریکى قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: لە رۆژى 28.1.2024ـەوە، سوپای تورکیا کارگەیەکی هاڕینی بەردی لە پشتی گوندی کێستە دروستکردووە.
گوندی کێستە دەکەوێتە ناحیەی کانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی.
کارگەکە رۆژانە لە رێگەی چەندین شۆفڵ و حەفارەوە دامێنی زناری کێستە و مەلا ردێ و کەفرە سۆر هەڵدەکۆڵدرێت، بە وتەى ئەندامەکەى رێکخراوى (CPT)، بەرد و تاوێر و مەڕمەڕەکانی ئەو چیایانەی کوردستان لە رێگەی کارگەی هاڕینی بەرد ورد و خاش دەکرێن و بۆ دروستکردنی تۆڕێکی نوێی رێگەی سەربازی لە ناحیەی کانی ماسێ لەلایەن تورکیاوە بەکاردەهێندرێت.
“رێگاکە نۆ کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە و سەرجەم بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ناحیەی کانی ماسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دواتر بە تۆڕێکی تری رێگا و بانی سەربازی سوپای تورکیا لە قەزای باتیفا و ناوچەی هەفتانین لە قەزای زاخۆ پەیوەستدەکرێت و دواتر بۆ ناو خاکی باکوری کوردستان لە پارێزگای هەکاری درێژدەبێتەوە”، کامەران مەلا عوسمان واى بە 964 وت.
سوپای تورکیا لە 23ـى 4ـى 2021ـەوە، ئۆپەراسیۆنی چنگی هەورە بروسکەی راگەیاندووە و ئەوکات لەماوەی یەک هەفتەدا چوار بارەگای سەربازی لە گوندەکانی ناحیەی کانی ماسێ دروستکرد، بەپێى قسەى ئەندامەکەى رێکخراوى (CPT)، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، تورکیا لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئەو بارەگایانەی دابیندەکرد، بەڵام لە دوای تەواوکردنی ئەو رێگا سەربازییە، چیتر تورکیا پێویستی بە هێلیکۆپتەر نابێت بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان و ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی لەو ناوچەیەدا.
وەک ئەوەى کامەران مەلا عوسمان باسى دەکات، دواى دروستکردنى ئەو رێگا سەربازیانە، جارێکی تر گێڕانەوەی ئەو گوند و شاخ و چیا و دۆڵانەش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەستەم تر دەبێت.
پڕۆژەى دروستکردنى بنکەو بارەگاى سەربازى تورکیا لە خاکى هەرێمى کوردستان، لە کۆتا مانگى ساڵى 2017ـەوە دەستیپێکردووە، بەڵام لە دواى ناوەڕاستى ساڵى 2022 واتا دواى دروستکردنى 64 بنکە و بارەگاى سەربازى نوێ، پڕۆژەکە وەستێنرا.
تیمەکانى دروستکەرى ئاشتى کۆمەڵگە (CPT)، رێکخراوێکى ئەمەریکى بەرفراوانە و لە چەندین وڵات تیمى هەیە، لە هەرێمى کوردستانیش تیمەکەیان کاردەکات لە بوارى بە دۆکیۆمێنتکردنى هێرشەکانى تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکى هەرێم.