ئیرنا: بۆ رێوڕەسمی ماتەمینییە
سبەی مەسعود پزیشکیان سەردانی عێراق دەکات
فەرهاد حەسەن
بڕیارە، سبهی سێشهممه مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئێران ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، بەرەو عێراق بەڕێبکەوێت، کە ئەوەش دەبێتە یەکەمین گەشتی دەرەوەی وڵاتی لە دوای دەستپێکردنی رێوڕەسمە فەرمییەکانی بەخاکسپاردنەکە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویكردهوه، پزیشکیان بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماتهمینی سەردانی عێراق دەکات، بەبێ ئەوەی وردەکاریی بەرنامەی سەردانەکە یان ئەو کۆبونەوانەی کە ئەنجامیان دەدات، ئاشکرا بکات.
ئەو سەردانە لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی بەخاکسپاردنی خامنەییدا دێت کە لە نێوان ئێران و عێراقدا بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی پێشتر تاران و بەغدا هەماهەنگییەکی هاوبەشیان راگەیاند بۆ سازکردنی رێوڕەسم لە هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا، لە پاڵ ئەو رێوڕەسمانەی لە تاران، قوم و مەشهەد بەڕێوەدەچن، کە بڕیارە دواجار تەرمی رێبەری کۆچکردوو لە شاری مەشهەد بەخاک بسپێردرێت.
ئەگەر بیرتان بێت، بەغدا یەکەم وێستگەی دەرەوەی سەردانی سەرۆکی ئێران بوو دوای گرتنەدەستی پۆستەکەی لە ساڵی 2024 و لەو سەردانیشیدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئابوری، ئەمنی و کولتووریدا، واژۆکرد، لە پاڵ جەختکردنەوەی هەردوولا لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی لەسەر پرسە ناوچەیییەکان.