جوتیارێک لە ناوچەی داودە
80 دۆنم کاڵەکی کردووە بەبەلاش؛ لێی ناخوا و لێشی نافرۆشێ
سیروان خورشید – خورماتوو
مام عەزیز، جوتیارێکی دڵ و دەست سەخییە لە ناوچەی داودەی نزیک خورماتوو دەژی، زەوییەکانی کە 80 دۆنمێکە، هەر هەمووی کردووە بە کاڵەک و لە رێی خوا بۆ خەڵک و رێبوارانی ناوچەکەی کردووە بەبێ بەبێ بەرامبەر.
ئەو کاڵەکەی لەوێ هەیە هەمووی بە باران پێگەیشتووە و زەوییەکە بەراو نییە بەڵکو دێمیە و تامەکەی خۆشترە، برازاکەی مام عەزیز لەوێ بوو کاتێک پەیامنێری 964 چوو.
ئەحمەد جومعە بە 964ی وت، مامم لە نەورۆزەوە خەریکی کێڵان و چاندنی تۆو و خزمەتکردنی زەوییەکان بووە، تەنیا لەبەر رەزامەندی خواش ئەم کارەی کردووە.
مام عەزیز بڕیارەکەی وایە، نە خۆی لە کاڵەکەکە بخوات نە لێشی بفرۆشێ، هەرکەسێکیش دەچێ بۆ سەر زەوییەکانی ئەتوانی بەشی خۆی بخوا و بۆ ماڵ و منداڵەکەشی بباتەوە، لەو دەشتی کاکی بە کاکییە، کاڵەکە مەیلەو زەردەکانی مام عەزیز کە گەڵا سەوزەکان دەریان داوە، دیمەنێکی جیاوانیش بۆ ناوچەکە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا