دیمەنی ئازادکردنی ریشۆڵەکان _ وێنە: قایمقامیەتی هەولێر
کڕین و فرۆشتنیان پێ کرابوو
قایمقامی هەولێر ریشۆڵەی ناو قەفەسەکانی گەڕاندەوە بۆ سروشت
964+
ئەحمەد مستەفا
لە دیمەنێکی ڤیدیۆیدا دەردەکەوێت، قایمقامی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 11.2.2024، دەرگای لەسەر پێنج قەفەس پڕ لە ریشۆڵە واڵا کردووە، کە سەدان ریشۆڵەی تێدایە و فڕینەوە بۆ ناو سروشت.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە 964ی وت، ئەوانە پێشتر کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە لە ناو بازاڕدا، ماوەى چەند ساڵێکە لە هەولێر، راوکردن و مامەڵەى کڕین و فرۆشتن بە ریشۆڵە، وەک باڵندەیەکى کێوی قەدەغە کراوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە ماوەى چەند رۆژى رابردوودا لەلایەن پۆلیسی شارەوانی دەست بەسەر ژمارەیەکى زۆر لەو باڵندەیەدا گیراوە.
964 زانیویەتی سەرجەمیان لەلایەن پۆلیسی شارەوانی لە ناو مەیدانی مریشکانی هەولێر دەستیان بەسەرداگیراوە.
ئەو ریشۆڵانە لەناو قەفەس لە بازاڕی باڵندە و پەلەوەر، کە لە هەولێر بە مەیدانی مریشکان ناسراوە کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرا، هەر دانەیەکیان نرخی هەزار دیناریان لەسەر دانرابوو.
رۆژی جیهانی باڵندەی کۆچەرییە
فڕۆشیارێک کە ناوی لای 964 پارێزراوە پێشتر لە بەدواداچونێکی پەیامنێرماندا وتی، لە دەرەوەی هەولێر کەسانێک هەن گەنم و دانەوێڵە بۆ ئەو باڵندەیە رۆ دەکەن، و دواتر بە تۆڕی گەورە راویان دەکەن، ئەوانیش 100 دانەی بە 70 هەزار دینار دەکڕن لیێان و لێرە دەیفرۆشنەوە.