وێنەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و سیمبوڵی ناساندنی پارێزگاکە - وێنە: ئەرشیفی 964
ئامێری پێشکەوتووی تێدایە
هۆڵێکی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەڵەبجە دەکرێتەوە
ژووری هەواڵ
هەموو ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ هۆڵێکی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەڵەبجە دابینکراون و بڕیارە ئەمڕۆ هۆڵەکە بکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11.2.2024، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، هۆڵەکە سێیەم دانەیە کە لە سنووری هەڵەبجە دەکرێتەوە، بەڵام ئامێرەکانی نێو هۆڵەکە یەکەمجارە لە نەخۆشخانەکانی سنوورەکەدا بەکاردێت.
“کردنەوەی هۆڵەکە لەسەر داهاتی تەندروستی هەڵەبجەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی دابیننەکردنی بودجە پارەی ئەو کۆمپانیایە نەدراوە کە ئامێرەکانی دابینکردووە”، د. ئازاد مستەفا وای وت.
لەنێو هۆڵەکەدا سیستەمی هەواگۆڕکێی Laminar Flow بەکارهاتووە کە بەردەوام هەوای پاک دەهێنێت بۆ نەخۆش و هەوا فلتەر دەکات.
بڕیارە ئەمساڵ هەشت پرۆژەی تەندروستی لە هەڵەبجە بکرێنەوە و ئەم هۆڵە یەکێکە لەو پرۆژانە، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجەش دەڵێت، پرۆژەکان گرنگن و بەم زووانە بە فەرمی دەکرێنەوە.
دوو لە پرۆژەکان لەلایەن خێرخوازان جێبەجێدەکرێن، دوو پرۆژەی دیکەش لەلایەن رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی و پرۆژەکانی دیکەش بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێن.