جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا
جەی دی ڤانس وا دەڵێ
“ئێران پابەندی رێککەوتن نەبێت، سزاکانی سەری دەگەڕێنینەوە”
ئەحمەد مستەفا
ئێران شەوی رابردوو هیچ هێرشێکی بۆ سەر کەشتییەکان ئەنجام نەداوە، ئەمەش نیشانەی پابەندبوونیانە بە رێککەوتنەکەوە، ئەمە قسەی جەی دی فانسە، وەک جێگری سەرۆک لەدوای واژۆکردنی یاداشتەکەیان لەگەڵ ئێران.
بەڵام وتی، هەر کاتێک ئێران پابەندی رێککەوتن نەبێت، دووبارە سزاکانی سەری دەگەڕێنینەوە.
لەبارەی کاریگەری رێککەوتنە لەسەر گەرووی هورمز ڤانس ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانیان رێگەیان داوە زیاتر لە 12 کەشتی گەمارۆ دەریاییەکە تێپەڕێنن و شەوی رابردوو 12.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە کە بەرزترین ئاستە لە سەرەتای ململانێکانەوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هەبوو کە ئەمە پوختەکەیەتی:
ترەمپ تەنیا سەرۆکە لە جیهاندا کە ئێستا هاوسۆزی ئیسرائیلە
ئێران شەوی رابردوو هیچ هێرشێکی بۆ سەر کەشتییەکان ئەنجام نەداوە، ئەمەش نیشانەی پابەندبوونیانە بە رێککەوتنەکەوە
پڕۆسەی ئاشتی ئێستا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و هەموو ناوچەکەدایە.
مافی ئیسرائیلە کە بەرگری لە خۆی بکات بەڵام دەبێت رێز لە پڕۆسەی ئاشتیش بگرێت.
ئێمە متمانەمان هەیە کە دەتوانین سزاکان بە شێوەیەکی کاتی هەڵبگرین بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس.
هەر کاتێک ئێران پابەندی رێککەوتن نەبێت، دووبارە سزاکانی سەری دەگەڕێنینەوە
بەتەمایین بەم زووانە کورتەیەک پێشکەش بە کۆنگرێس بکەین دەربارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئێران.
دەبینین ئایا ئێرانییەکان ئامادەن بۆ پابەندبوون بە هەنگاوی داهاتووی پلانی ئاشتیی سەرۆک ترەمپ.
لە هەر رێککەوتنێکی کۆتاییدا ئێمە سوور دەبین لەسەر ئەوەی ئێران توانای ئەوەی نەبێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەو مۆڵەتە 60 رۆژەییەی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ دەستیپێکرد.
هێزەکانمان رێگەیان داوە زیاتر لە 12 کەشتی گەمارۆ دەریاییەکە تێپەڕێنن و شەوی رابردوو 12.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە کە بەرزترین ئاستە لە سەرەتای ململانێکانەوە.