شەقامێکی گشتی سلێمانی کە چەند هۆتێلێکی تێدایە - وێنە: 964
هۆکارەکەی روونکراوەتەوە
لەماوەی ساڵێکدا 50 هۆتێلی میللی سلێمانی داخراون
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەگوێرەی ئامارێک لە ساڵی پارەوە زیاتر لە 50 هۆتێلی میللی شاری سلێمانی بەهۆی نوێنەکردنەوەی مۆڵەتەکانیان داخراون.
هۆتێلی میللی بەو جۆرە هۆتێلانە دەوترێت کە لەناو بازاڕن، تەنیا بۆ خەوتنە و نرخەکەیان هەرزانە.
مەحمود تۆفیق سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە 964ی وت، لە ساڵی 2023-ەوە تا ئێستا زیاد لە 50 هۆتێلی میللی داخراون بە هۆکاری جیاواز، ئەو ڕێژەیە روو لە زیادبوونە.
باسی لەوەشکرد، هۆکاری داخستنەکان دەگەڕێتەوە بۆ نوێنەکردنەوەی گرێبەست لەلایەن خاوەن موڵک و هەندێکیان قەرزارێکی زۆری کارەبایان لایە، بەڵام ئەم بابەتە هۆتێلە گەشتوگوزاریەکانی نەگرتوەتەوە.
بەوتەی مەحمود تۆفیق بێت سەرجەم ئەو هۆتێلانەی داخراون میللین و بەهۆی بێ کاریەوە دانەخراون، هۆتێل هەیە بڕی 50 ملیۆن پارەی کارەبا قەرزار بووە و بەجێیهێشتووە بۆ خاوەنی موڵکەکە.
لە سلێمانی 385 هۆتیلی گەشتیاری و میللی هەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی