بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی - وێنە: 964
لە ساڵی رابردوودا
لە سلێمانی 17 هەزار هاوبەشی کارەبا زیاد بووە
964+
پێشەوا محەمەد
،بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 17 هەزار و سێ هاوبەشی نوێی کارەبا لە سلێمانی زیادیان کردووە.
ئێستا هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بریتین لە 527 هەزار و 156 هاوبەش.
هەر بەپێی ئامارەکەی کارەبای سلێمانی، لە کۆى هاوبەشانى کارەبا 446 هەزار و 900 هاوبەشی ماڵانن و 57 هەزر و 589 هاوبەشی بازرگانی و 12 هەزار و 18 هاوبەشی پیشەسازی و 15 هەزار و 975 هاوبەشی کشتوکاڵی و پێنج هەزار و 482 هاوبەشی حکومین.
“کاتێک هاوڵاتییەک هاوبەشی نوێ دەکاتەوە، دەبێت نووسراوێک بداتە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی و دوای دەرچوونی لیژنەیەک رەزامەندی لەسەر داواکەی دەدرێت”، ئەوە قسەی سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانییە بۆ 964.
دەشڵێت، ساڵانە لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان زیاد دەکات.