سەنتەری دەروونی بۆ رزگارکراوانی ئێزیدی. وێنە :964
دوو داعشی فەرەنسی تۆمەتبارن
لەسەر کەیسی ئێزدییەک فەڕەنسا پەنا بۆ وەزارەتی دادی هەرێم دەبات
ژووری هەواڵ
حکومەتی فەڕەنسا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان دادگایی دوو چەکداری داعش دەکات کە هەڵگری وڵاتینامەی فەڕەنسین و تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەدژی ئافرەتێکی کوردی ئێزدی کە لە ساڵی 2014 رفێندراوە.
کونسوڵی گشتی فەرەنسا بە یاوەری شاندێکی یاسایی و دادوەری فەرەنسا رۆژی سێشەممە 6.2.2024 سەردانی دیوانی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستانیان کردووە و وتویانە، دەیانەوێت رێکارە یاساییەکانی دۆسیەی ئەو کوردە ئێزدییە لە پاریس بەکۆتا بگەیەنن و ئیفادە لە قوربانییەکە وەربگرن.
964 پەیوەندی کرد بە حسێن کورو ئەبو عەلی، بەرپرسی نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، ئەو وتی “ئاگادار ئەو کەیسەین” بەڵام ئامادە نەبوو هیچ قسەیەکی لەبارەوە بکات.
“بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو شاندەوە ئیفادەی قوربانییەکە وەربگیرێتەوە، و فایلەکەی ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی هەردوو تاوانبارەکە لەلایەن داگاکاکانی فەرەنساوە بە ئامدەبوونی قوربانیەکە و پارێزەرەکانی، لە پاریس دادگایی بکرێن و ئافرەتەکە مافی یاسایی خۆی وەربگرێت”، وەزارەتی داد وا دەڵێت.
وەزیری داد ئامادەی وەزارەتەکەی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و ئاسانکاری بە ئامانجی سەرخستنی کەیسەکە و وتویەتی، “ئەوان زۆر باوەڕیان بە دادپەروەرێتی فرەنسا هەیە بۆ سەرخستنی ئەو کەیسە و هەرجۆرە کەیسێكی دیکەی قوربانیانی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی، وەکو وەزارەتی دادیش، ئامادەی هەموو هاوکارییەکن”.
لە سەرەتای هێرشی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014، هەزار و 293 هاوڵاتی ئێزدی لە شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری کوژران، هاوکات شەش هەزار و 425 هاوڵاتی ئێزدی رفێندراون و تا ئێستا زۆربەیان بێسەروشوێنن.