بۆ ماوەی سێ مانگە

وەزارەتی دارایی دوا وادەی بۆ خۆتۆمارکردنی فەرمانبەران لە (هەژماری من) دیاریکرد

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، گشت وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت ئاگاداردەکاتەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا پڕۆسەی تۆمارکردن لە پڕۆژەی (هەژماری من) تەواو بکەن، چونکە دوا مۆڵەتی بۆ خۆتۆمارکردنی فەرمانبەران  دیاریکردووە.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی، کە دوێنێ 22.6.2026 بە واژۆی وەزیری دارایی دەرچووە، ئاماژە بەوەکراوە، لە دوایین کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە بانکییکردنی موچەی فەرمانبەران، بڕیاردراوە بە دانانی کۆتا مۆڵەت بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ تەواوکردنی گشت رێکارەکانی تۆمارکردنی سەرجەم موچەخۆران لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من).

باس لەوەشکراوە، بەپێی بڕیاری حکومەتی فیدراڵ، هەر فەرمانبەرێک تاوەکو بەرواری 31.8.2026 ناوی خۆی تۆمار نەکات و کارتی بانکییەکەی وەرنەگرێتەوە، شایستەی دارایی و موچەکەی لەلایەن حکومەتی بەغداوە ڕادەگیرێت و بۆ حکومەتی هەرێم نانێردرێت.

هەر بە پێی نووسراوەکە، پرۆسەی دروستکردنی کارتەکان لە کاتی خۆتۆمارکردنەوە نزیکەی مانگێک کاتی دەوێت، بۆیە وەزارەتی دارایی داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکان دەکات کە “بەپەلە رێکاری پێویست بگرنەبەر و دڵنیاببنەوە لەوەی کاتەکە تێنەپەڕێت و سەرجەم سوودمەندان تۆمار کرابن و کارتی بانکییان وەرگرتبێتەوە”.