وەکو راوێژکاری سەرۆک وەزیرانیش خۆی ناساندووە

بەهۆی بردنی 41 ملیار دینار کوڕی مەشعان جبووری بە پێنج ساڵ زیندانی سزادرا

فەرهاد حەسەن

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق بڵاویکردەوە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ، حوکمی پێنج ساڵ زیندانی قوڕسی بەسەر (یەزەن مەشعان

رەکاز جبووری) دەرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێنراوە کە تاوانی فێڵکردن و بردنی بڕێکی زۆر پارەی ئەنجامداوە.

فێڵکردنەکەی ئەوەبووە لە ساڵی 2024 دا فێڵی لە هاوڵاتییەکی (سکاڵاکار) کردووە و وا خۆی نیشانداوە کە “راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقە” ناوبراو بەڵێنی بە سکاڵاکارەکە داوە کە دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆک وەزیران بۆ رێکبخات و ئاسانکاریی کارەکانی بۆ بکات.

بردنی 41 ملیار دیناریش لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، کە تۆمەتبار بە هاوکاری

کەسێکی دیکە کە ئێستا هەڵاتووە و وەک بەڕێوەبەری رێپێدراوی یەکێک لە کۆمپانیاکانی سکاڵاکارەکە کاریکردووە، توانیویەتی بە رێگەی فێڵ و تەڵەکەبازی بڕی 41 ملیار دینار لە سکاڵاکارەکە وەربگرێت و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریبهێنێت.

بڕیارەکەی دادگا، دوای وردبینیکردنی بەڵگەکان و وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵەکان بووە و بۆی ئاشکرا بووە کە (یەزەن جبووری) تاوانەکەی ئەنجامداوە، هەر بۆیە بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای پێنج ساڵ زیندانی قوڕسی بۆ بڕاوەتەوە.