مانگانە چەند محاویلەیان تێکدەچێت؟

کارەبای راپەڕین پێنج محاویلە دەکڕێت

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای راپەڕین داوای پێنج محاویلەی کردووە و دەڵێت، هەر کۆمپانیایەک دەتوانێت دابینی بکات تەندەریان پێشکەش بکات.

964 دەزانێت، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەو محاویلانەی بۆ یەدەگ دەوێت، تا هەر محاویلەیەک سووتا و لەکارکەوت تا کاتی چاککردنەوەی ئەو یەدەگانە بەکاربهێنێت.

عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەوان لە سنوورەکەیان سێ هەزار محاویلەیان لەکاردان و مانگانە پێنج تا 10 محاویلەیان لەکاردەکەون.

وتیشی، “محاویلەی تری یەدەگیشمان هەیە، بەڵام ئەوانەش پێویستن، چونکە هەر محاویلەیەک تێکبچێت ئەگەر چاک بکرێتەوە ئەوا ماوەی مانگێک بۆ مانگ و نیوێکی پێدەچێت”.

ئیدارەی راپەڕین خاوەنی 104 هاوبەشی کارەبایە و هاوبەشەکانیش بەردەوام لە زیادبووندان.

“ئەگەر محاویلەیەک لەکارکەوت یان سووتا و چاک نەکرایەوە ئەوا یەکێک لەو یەدەگانە بە شێوەی جێگیر لە شوێنەکەی دادەندرێت”، بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین وای وت.